لە سلێمانی بە پارە مۆڵەت بە ئۆتۆمبێل دەدرێت بۆ هاتوچۆ

:: PM:02:40:30/03/2020 ‌
لەلایەن كۆمەڵەیەكەوە مۆڵەت بۆ شۆفێران دەكرێت بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاتوچۆی سلێمانیش ئاشكرای دەكات، ڕێ نادرێت كەسی ئاسایی بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆ بكات.

ئەمڕۆ دووشەم 30ـی ئادار، لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەوەی دەگوترێت كۆمپانیایەك پارە لە هاووڵاتییان وەردەگرێت لە بەرانبەر پێدانی مۆڵەت بۆ ئۆتۆمبێل، شتی لەو شێوەیە نییە و كارەكە بە فەرمی دەكرێت لەلایەن كۆمەڵەی دابەشكاری و تایبەتمەندە.

كۆمەڵەكە پارەیەكی كەمی رەمزی وەردەگرێت 
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەت گوتی، كۆمەڵەكە پارەیەكی كەمی رەمزی وەردەگرێت لە بەرانبەر ئەو مۆڵەتە وەك رسووماتە، ئەگەر نا هیچ پارەیەك وەرناگرن لە شۆفێر و ئۆتۆمبێل، كۆمەڵەكە ڕێپێدراوی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و هیچ نایاسایی نییە و فەرمییە.

كاروان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، لەو دۆخەی ئێستە مەفرەزەكانی هاتوچۆ لە شوێنەكان جێگیر كراون، هەر ئۆتۆمبێلێك هاتوچۆ بكە داوای بەڵگەنامە لە شۆفێرەكەی دەكەن.

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ گوتی، دەبێت ئەو كەسەی هاتوچۆ دەكات كارێكێ هەبێت وەك پزیشك یان هەر كەسێكی تر كە لەو دۆخەدا مۆڵەتی چوونە دەرەوەی هەبێ، بە هیچ شێوازێك كەسی ئاسایی مۆڵەتی پێ نادرێت هاتوچۆ بكات و سزا دەدرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد