دۆسییەیەکی تری هەواڵگریی نێوان ئێران و یەکێتی ئاشکرا دەبێ

:: PM:05:03:30/03/2020 ‌
ڕۆژی 11ی ئەم مانگە چەند كەسێك كە (تا ئێستە ژمارەكەیان روون نەكراوەتەوە و پۆلیس دوو كەسی لێ‌ گرتوون) هێرشیان كردە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێك لە شارۆكەی پێنجوێن و دوای لێدان و هەڕەشە وێنە و ڤیدیۆی ژنەكەیان تۆمار كردووە.

چەند سەعاتێك دوای ڕووداوەكە نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەكەنن، بەڵام بەتۆمەتی كارەكە دوو كەس لەلایەن پۆلیس گیراون.

پێ دەچێ‌ دۆسییەی مورادی و رەشیدی زیاتر دۆسییە هەواڵگرییەكەی نێوان ئێران و یەكێتیی قووڵ بكاتەوە
 بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەڵكوتانە سەر ماڵی عەدنان رەشیدی رۆژنامەنووسەكەی پێنجوێن پێوەندی بە دۆسییەی ئیقبال مورادییەوە هەیە كە لە ساڵی 2018 كوژراو دواتر بووە بابەتێكی هەواڵگری ئاڵۆز لەنێوان ئێران و یەكێتیی.

ئیقال مورادی كێیە؟
ئیقبال مرادی ئەو كەسەیە كە ڕۆژی 19ی تەمووزی ساڵی 2018 بە كوژراوی لە چەمی عالیاوای پێنجوێن دۆزرایەوە و لەو كاتەیشدا یەكێك لە كوڕەكانی بەناوی "زانیاری مورادی" و برازایەكی بەناوی "لوقمان مورادی" لە ئێران بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان لە كوشتنی كوڕی مەلایەكی ئاینی بەناوی سەعدی شێرزاد كوڕی مەلا مستەفا شێرزد، پێشنوێژ و گوتارخوێنی شاری مەریوان، هەبووە.

بەپێی بەدواداچوونی پێشووی "وشە" ئیقبال مورادی كاری كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر سوپای پاسداران و دۆخی ئابووری ئێران بووە، دوای كوشتنی ئەو دۆسییە تا ئێستەیش بە ئاڵۆزی لەنێوان یەكێتی و ئێران وەك دۆسییەیەكی هەواڵگری ماوەتەوە.

پێوەندی عەدنان رەشیدی و مورادی چییە؟
عەدنان رەشیدی ئەو كەسە كە رۆژی 11ی ئەم مانگە لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرش كرایە سەر ماڵەكە و وێنە و ڤیدیۆی ژنەكەی تۆمار كرا. رەشیدی هاوڕێی نزیكی ئیقبال مورادی بووە و پێشتر لەچەند بوارێكدا پێكەوە كاریان كردووە.

گومان دەكرێ‌ كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ یەكلا كردنەوەی ئەو دۆسییە لەگەڵ ئێران بیەوێ‌ زانیاری لە عەدنان رەشیدی وەربگرێ‌ یان بەجۆرێك دۆسییەكە كۆتایی پێبێ.

عەدنان ڕەشیدی ڕۆژنامەنووسێكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە كۆمەڵەی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ كار دەكات، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەوانەی هێرشیان كردووەتە سەر ماڵەكەی پێنج كەس بوون نەك دوو كەس وەك ئەوەی پۆلیس بڵاوی كردووەتەوە.

سەرچاوەیەكی تەناهیی بۆ "وشە" شوێنى نیشتەجێبوون و ناوی گیراوەكانی ئاشكرا كرد كە هەردوو تۆمەتبار ك،م،س /30 ساڵ/ دانیشتووی‌ شارەدێی‌ عەربەتی نزیك شاری سلێمانی، ‌و ج،ح،ع /37 ساڵ/ دانیشتوی‌ شارۆكەی‌ پێنجوێن، بە بڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ مادەكانی‌ "421" و "40-31" لە یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون كە خراونەتە ناو هێرشەكەی سەر ماڵی رەشیدی.

ئیقبال مورادی هاوكات لەگەڵ ئەوەی چالاكی سیاسیی بووە و لە چالاكییەكانی دژی ئێراندا ئامادەیی هەبووە، سەربە دەزگای زانیاری بووە و لەكاتی كوشتنیشی دەركەوت پێوەندی بە پژاكەوە هەبووە. هەروەها ئێستە باس لەوە دەكرێ‌ كە عەدنان رەشیدیش لە پژاكەوە نزیكە و لە چالاكییەكان بەشدار بووە.

بەڵام پێ دەچێ‌ دۆسییەی مورادی و رەشیدی زیاتر دۆسییە هەواڵگرییەكەی نێوان ئێران و یەكێتیی قووڵ بكاتەوە نەك بەرەو چارەسەری ببات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم