پزیشكانی چینی: ئیتاڵیا لە شێوازی كەرەنتینەكردن هەڵەی كردووە

:: PM:09:16:30/03/2020 ‌

سەرەڕای ئەو رێوشوێنە توندەی ئیتاڵیا پیادەی كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رێگەی جیاكردنەوە و دابڕین و كەرەنتینەكردنی تووشبووان و ئەوانەی گومانیان لێ دەكرێت، بەڵام تا ئێستە ژمارەی تووشبوون 101 هەزار و ژمارەی مردنیش 11 هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە، پزیشكانی چین هۆكارەكەی لێك دەدەنەوە.
ئیتاڵیا هەڵەی چین دووبارە دەكاتەوە
شارەزایانی چینی پێیان وایە پێویستە ئیتاڵیا هەموو نەخۆشانی تووشبوو بە كۆرۆنا بخاتە كەرەنتینەوە، تەنانەت ئەوانەیشی نیشانەی سووكیان هەیە كە دەبێت رەوانەی ماڵەوەیان نەكاتەوە، وەك راپۆرتێكی ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە.

لیانگ زۆنگ ئان، سەرۆكی بەشی ئامێری هەناسەدان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای چین لە زانكۆی سیچوان دەڵێت، لە سەرەتای تەنگژەكەدا پزیشكان لە ووهان هەمان هەڵەیان ئەنجام دا، كاتێك ئەوانەی زۆر نەخۆشبوون رەوانەی نەخۆشخانە كران، پزیشكانی ئەوانەی نیشانەكانیان سووك بوو پێیان گوتن لە ماڵەوە چارەسەری وەربگرن، ئەوەیش بۆ كەمكردنەوەی قەرباڵغی و پەستان لەسەر نەخۆشخانەكان.

زیاتر گوتی، ئەوكات شتەكان روون نەبوون، كەچی ئێستە توێژەران دەزانن ئەوانەی نیشانەی سووكی تووشبوون بەو ڤایرۆسەیان هەیە و داوایان لێ دەكرێت لە ماڵەوە بمێننەوە، ڤایرۆسەكە بۆ كەسانیتر لە ماڵەوە یان دەرەوە دەگوازنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم رۆژنامەی "كۆریرا دلا سیرا"ی ئیتاڵی رای گەیاند كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەڵمەتێكی گرتنی ئەوانەیان ئەنجام داوە كە قەدەغەی هاتوچۆ دەشكێنن، لەوانە 50 كەس كە دەركەوت هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و لە بری مانەوەیان لە ماڵەكانیان، هاتبوونە سەر شەقامەكان. 

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، تیمەكەمان رێنوێنی ئیتاڵیایان كردووە بە پێڕەوكردنی هەمان شێوازی چین لە دوورخستنەوەی ئەوانەی نیشانەی سووكی تووشبوونیان هەیە لە خێزانەكانیان و توێژینەوەكانیش دەریان خستووە لە چین 80%ی تووشبووان سەرچاوەیان ئەوانە بوونە كە پێیان گوتراوە لە ماڵەوە بمێننەوە.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل