عێراق.. مووچەی فەرمانبەران مەترسی لەسەر نییە

:: PM:10:41:30/03/2020 ‌

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی ئابوورییەكەی بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئێستەیش بەهۆی بوونی تەنگژەی كۆرۆنا و ململانێی نێوان سعوودیە و رووسیا، نرخی نەوت تەواو دابەزیوە، ئەندامێكی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی عێراق بەردەوام دەبێت.
حكوومەتی عێراق پابەندە بە دۆزینەوەی چارەسەری
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم گوتی، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا كاریگەری بۆ سەر ئابووری عێراق و بژێوی خەڵك هەیە، بەتایبەتی كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتووەتە ئاستی 20 دۆلاری ئەمەریكی. 

زیاتر گوتی، بەڵام پێوەست بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە تەواوەتی دابین كراوە و لە كاتی خۆی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە و لە رێگەی بانكەكانەوە دابەش دەكرێت، بەو پێیەی مووچە لەسەر بودجەی بەكارخستنە، هاوكات ئەو پەرلەمانتارە داوای لە حكوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق كرد بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوە و كەمكردنەوەی خەرجییەكان لە بودجەی وەبەرهێنان تا كاتی كۆتاهاتنی ئەو دوو تەنگژە تەندروستی و ئابوورییە.  

لای خۆیەوە سەعد قازی، شارەزای ئابووری دەڵێت، پەنابردنی عێراق بۆ لەچاپدانی پارە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە سایەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت هەیە، ئەگەرێكی دوورە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل