ئەمڕۆ بڕیار لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ دەدرێت

:: AM:10:58:31/03/2020 ‌
سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتا بەو ماوەیە دێت كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ قەدەغەی هاتوچۆ دەری كردبوو، بۆیە پێش كۆتاهاتنی ئەو كاتە بڕیاری نوێ‌ ڕادەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی و بۆچوونی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكان، بڕیاری نوێ‌ بۆ قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنێت.

سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتا بەو كاتە دێت كە وەك قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان دیاری كرابوو
بەپێی ئەوكاتەی وەزارەتی ناوخۆ دیاری كردبوو، سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتا بەو كاتە دێت كە وەك قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان دیاری كرابوو.

پێشتر لە ڕۆی یەكشەم 29ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەت دەكەینەوە لەبارەی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ تا 15ی نیسان، تا ئێستە هیچ بڕیارێكی فەرمی نەدراوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، هەر كاتێك وەزارەتی تەندروستی بە پێویستی زانی و ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆی كردەوە كە پێویستە قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە، ئەوكات بڕیاری لەبارەوە دەدرێ‌.

وەزارەتی ناوخۆ داواكارە هاووڵاتییانی كوردستان پابەندی رێنوێنی و بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە سبەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت و پێویستە لەماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.



وشە - رامیار جەواد