ئەگەری كشانەوەی عەدنان زورفی لە پێکهێنانی حکوومەت هەیە

:: PM:03:15:31/03/2020 ‌
راسپاردنی عەدنان زورفی ناكۆكیی لە نێوان لایەنە شیعییەكان دروست كردوە، ئەگەرێك هەیە پاشەكشە بكات، چونكە كاتێكی كەمی لەبەردەم ماوە.

ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئادار، بەهار مەحموود ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لەبەر ئەو  ماوە كەمەی عەدنان زورفی   لەبەردەمی ماوە، ئەستەمە بتوانێت كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پێك بهێنێت.

چونكە ئێمە كاندیدی راسپێردراو بە نوێنەری لایەنە شیعەكان دەزانین

روونی كردەوە، لایەنە شیعەكانی عێراق بە كاندیكردنی زورفی رازی نین و نەگەیشتوون بە رێككەوتن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ پاشەكشە بكات.

بەهار مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بۆ كورد گرنگە لایەنە شیعەكان لە نێوان خۆیان رێكکەون، چونكە ئێمە كاندیدی راسپێردراو بە نوێنەری لایەنە شیعەكان دەزانین و لەسەر كەسایەتی تاك بڕیار نادەین.

" هەركەسێك ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت مافی پێشمەرگە، بودجە و مووچە، مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بدات تا سەركەوتو بێت". ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران وای گوت.

بەپێی زانییەكانی "وشە" هەریەكە لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامڕی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، دژی ڕاسپاردنی  عەدنان زورفین. 

عەدنان زورفی لە 16ی ئاداری ئەم مانگە لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق هاتە راسپاردن.



وشە - زریان تەها