به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی ده‌ربه‌ندیخان دڵنیایی ده‌داته هاووڵاتییانی شارۆكه‌كه ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌ی ئێسته پابه‌ندی رێنوێنییه‌كان بن و له ماڵه‌وه بمێننه‌وه، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌سه‌ر كۆرۆنا سه‌رده‌كه‌ون.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م یه‌كی نیسان، سازان ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، تیمه‌كانی ته‌ندروستی له شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ڕۆژانه له ئه‌ركی خۆیاندان و پشكنین و گه‌ڕان و ڕشتن بۆ شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها رێنوێنی ده‌ده‌نه هاووڵاتییان و له ئه‌ركی خۆیاندا به‌رده‌وامن.
زیاتر گوتی، هاووڵاتییانی ده‌ربه‌ندیخان به باشی رێنوێنییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و هاوكاریی باشی ئێمه‌یان كردووه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی كراوه له سوود و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته به‌رده‌وام بین، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانین به‌سه‌ر كۆرۆنا سه‌ربكه‌وین.
به‌گشتی ئه‌وانه‌ی كه تووش بوون به‌ركه‌وته‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تان
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخان گوتی، به‌رده‌وام پشكنین بۆ هاووڵاتییان ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی پێشتر تووش بوون و به‌ریه‌ككه‌وتنیان هه‌بووه، پشكنینیان بۆ ده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ی ده‌كه‌ین و به‌شێكی زۆری پشكنینه‌كان نێگه‌تیڤن و دڵخۆشكه‌رن، ده‌كرێت تێیدا هه‌بێت كه پۆزه‌تیڤ بێت، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌وانه‌ی كه تووش بوون به‌ركه‌وته‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تان.
له ماوه‌ی ڕابردوو 29 تووشبووی كۆرۆنا له ده‌ربه‌ندیخان ڕاگه‌یه‌نراوه و چوار كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه و تائێسته‌ش هیچ حاڵه‌تێكی مردن تۆمار نه‌كراوه، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی تری چاك بوونه‌وه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه، سازان ئیبراهیم وای گوت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی