وەزارەتی تەندروستی زانیاریی نوێی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە

:: PM:03:26:01/04/2020 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، وەزارەتی تەندروستی راگەیەنراوی ژمارە (34)ـی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) بڵاو كردەوە و دوا زانیاری لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد.

بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی بێت كە كۆپی بۆ "وشە" هاتووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 356 كەس كەرەنتین كراون، هاوكات ئاماژە بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانە دەكات كە لە كەرەنتینەكانی هەر چوار پارێزگاكەی كوردستانن، لەوانە هەزار و 577 لە هەولێر، 754 لە دهۆك، 127 لە سلێمانی و 48 لە هەڵەبجە و 32 كەسیش لە ئیدارەی راپەڕین، كە كۆی گشتییان دەكاتە هەزار و 538 كەس.

وەزارەتی تەندروستی روونی دەكاتەوە كە پێشتر ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەرەنتینەكان بوون، پێنج هەزار و 910 كەس بوون لە 36 شوێنی جیاواز، بەڵام تا ئەمڕۆ یەكی نیسان، چوار هەزار و 372 كەس لە كەرەنتین دەرچوون و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەكانیان.

پێوەند بە پشكنینیش لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە كە لە 24 سەعاتی رابردوودا 548 پشكنین كراوە، 349ـیان لە هەولێر و 123 لە سلێمانی و 76 لە دهۆك، بەپێی پشكنینەكانیش بێت، 14 تووشبووی كۆرۆنای نوێ تۆمار كراون كە شەشیان لە هەولێر، پێنج لە سلێمانی و سێ لە دهۆك.

لە 24 سەعاتی رابردوودا 548 پشكنین كراوە و 14 تووشبووی كۆرۆنای نوێ تۆمار كراون


شەش كەسەكەی هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستی رای گەیاند كە دوو ژنی /تەمەن 33 و 17 ساڵان/ و دوو پیاوی /تەمەن 73 و 35 ساڵان/ بەهۆی بەركەوتنیان بە تووشبووەكەی پێشتری كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری دەوروبەری هەولێر، ئەوانیش تووش بوونە. جگە لەو چوار كەسە، ئەوا پیاوێكی /27 ساڵ/ـی گەڕاوە لە بەریتانیا، پاش ئەوەی بەدەم بانگەوازی وەزارەتی تەندروستی هات بۆ خۆ رادەستكردن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنین، ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ بووە و لەگەڵیدا ژنێكی تەمەن 24 ساڵانیش كە پزیشكە، ڤایرۆسی كۆرۆنای گرتووە.

پێوەند بە سلێمانی، هەر پێنج تووشبووەكە دانیشتووی ناو شاری سلێمانین، پیاوێكی تەمەن 30/ ساڵ/، سێ ژنی /تەمەن 49، 27، 21 ساڵان/ كە دوو لەوان بەهۆی بەركەوتنەوە تووش بوونە، جگە لەوانە ئەوا منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان و یەكێك لەو سێ ژنەی سەرەوە، ئەوانیش بەهۆی بەركەوتنیان بە تووشبوویەكی پێشتری شارۆكەی دەربەندیخان، دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوون.

هەرچی لە شاری دهۆكە، هەر سێ تووشبووەكە بەركەوتووی تووشبووی پێشترن، دوو پیاو كە تەمەنیان /42 و 32 ساڵان/ لەگەڵ ژنێكی /57 ساڵ/ كە دانیشتووی شارۆكەی زاخۆ و ئامێدین.

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، دوا ئاماری گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا كراوە كە ١٧٦ تووش بوون، لەم ژمارەیەشدا دووانیان گیانیان لە دەست داوە و 61 نەخۆشیش چاك بوونەتەوە، ئەوانی تریش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - فه‌رمان سادق