توێژینەوەیەكی نوێ: بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تووشبوون بە كۆرۆنا كەم دەبێت

:: PM:04:28:01/04/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی پێشتریش گرەوی زۆر لەسەر هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما كراوە بۆ كۆنتڕۆڵكردن و لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، توێژینەوەیەكی نوێی زانایانی بەریتانی دووپات لەوە دەكاتەوە و دەڵێ، لە مانگی ئایاری داهاتوو ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، زانایانی بەریتانی لە توێژینەوەیەكی نوێدا دووپات لەوە دەكەنەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەم دەبێتەوە.

بەپێی توێژینەوەكە بێت كە زانایان و شارەزایانی زانكۆی كۆلیدج لەندەن ئامادەیان كردووە، دووپات لەوە دەكەنەوە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا روو لە كەمبوونەوە دەكات.

زانایان ئاماژە بە توێژینەوەكەیان دەكەن و دەڵێن، بەپێی ئەو دەرئەنجامەی پێی گەیشتووین كە پشتئەستوورە بە بەڵگە و زانیاری لەسەر ڤایرۆس و پەتا وەرزییەكانی هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما چالاكییان كەم دەكات.

لە توێژینەوەكەدا پشت بەستراوە بە ئەنجامی پێنج ساڵی رابردوو، هەروەها چاودێریی سێ نەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای هاوشێوەی ئەو پەتایەی ئێستە مرۆڤایەتی گرتووەتەوە، دووپات لەوە دەكەنەوە كە ڤایرۆسەكان دەگەڕێنەوە سەر بنەچەی خۆیان و لە وەرزی زستاندا چالاكن وەك ئەنفلەوەنزای وەرزی و لەگەڵ هاتنی هاوین، چالاكییان نامێنێت.
دكتۆر رۆب ئالدریدج دەڵێ، ڤایرۆسی كۆرۆنا رەنگە لە هاوینیشدا توانای بڵاوبوونەوەی هەبێت، بەڵام بە ئاستێكی كەمتر

 زیاتر روونی دەكەنەوە، كەشوهەوای گەرم و تیشكی رۆژ یارمەتیدەرە لە كەمبوونەوەی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵام هۆشداری ئەوەیش دەدەن كە رەنگە زستانی داهاتوو دۆخەكە لەوەی ئێستە هەیە مەترسیدارتر بێت.

 دكتۆر رۆب ئالدریدج دەڵێ، ڤایرۆسی كۆرۆنا رەنگە لە هاوینیشدا توانای بڵاوبوونەوەی هەبێت، بەڵام بە ئاستێكی كەمتر، وەك ڤایرۆسەكانی لە نێوان 2006 تا 2011 بڵاوبوونەوە، زیاتر گوتی "ڤایرۆسەكانی لە بەریتانیا بڵاو بوونەتەوە زۆر لە یەك چوون، بەڵام هیچ كامیان لەوەی ئێستە مەترسیدارتر نەبوونە".

لای خۆیەوە ئیلین فراگاسزی دەڵێ، پێم وابێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و دەركەوتنی رۆژ، هەم ڤایرۆسەكە چالاكی كەمتر دەبێت و هەمیش مرۆڤەكان توانای بەرگرییان زیاتر دەبێت. 



وشە - فه‌رمان سادق