چین بازاڕەكانی فرۆشتنی شەمشەمە كوێرە و سەگ دەكاتەوە

:: PM:06:13:01/04/2020 ‌

 


لەو كاتەی تا ئێستەیش دنیا بە دەست زۆری ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەناڵێنێت، كە لە ووهانی چینی و وردتر لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵە نائاساییەكان دەستی پێ كرد، كەچی ئەو وڵاتە بازاڕی فرۆشتنی گۆشتی سەگ و شەمشەمە كوێرە و هیتریشی كردووەتەوە.
چین خەریكە ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا دەگێرێت
پەیامنێری رۆژنامەی "واشنتن ئیكزامینەر"ی ئەمەریكی لەوبارەوە دەڵێت، ئەو بازاڕانە بە هەمان شێوازی جارانی پێش دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەوتوونەتەوە كاركردن، لەوكاتەی ماڵپەڕی "ئیكۆنۆمێكس تایمز"، ئاماژەی كردووە كە ئێستە ئەو بازاڕانە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ ئەوەی كەس وێنەی دیمەنی زەوییە خوێناوییەكانی یان سەربڕینی ئاژەڵە كێوییەكان، نەگرێت. 

تا ئێستەیش باوەڕ وایە كە بازاڕی هوانان بۆ خواردنی دەریایی لە شاری ووهانی چینی، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە بۆ جیهان، هەروەها پیاوێكی تەمەن 55 ساڵ لە هەرێمی هۆبی، یەكەمین تووشبووی ئەو ڤایرۆسەیە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، رای گەیاند كە بەڵگەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تا رادەیەكی زۆر پێوەستە بە یەكێك لە بازاڕەكانی خواردنی دەریایی لە شاری ووهان، ئێستەیش دوای چوار مانگ هێشتا پەتاكە كۆتایی نەهاتووە، لەوكاتەی چین خەریكە ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسێك دەگێرێت كە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ڤایرۆسە چینییەكە ناسراوە.  

پەیامنێری رۆژنامەی "واشنتن ئێكزامنەر"، لە خەڵكەكەی لە بازاڕێكی چینی بۆ ئاژەڵی كێوی گواستەوە، ئەوان پێیان وایە ئەو ڤایرۆسە لە دەرەوە هاتووە و ئێستەیش هۆكار بۆ نیگەرانی لە چین نەماوە، لەوكاتەی زۆرێك لە زانا و شارەزایانی پزیشكی چالاكانی بواری مافی ئاژەڵ داوای سەپاندنی قەدەغەی كاركردن بەسەر ئەو بازاڕانە دەكەن، كەچی پێ دەچێت چین خواستی فێربوونی لە هەڵەكانی نییە.    



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل