رۆڵی میدیاكانی كوردستان لە رووماڵكردنی هەواڵەكانی كۆرۆنا

:: PM:11:16:01/04/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسی زۆری لە تەواوی دنیا دروست كردووە، هۆكارەكەیشی بۆ گواستنەوەی خێرای ڤایرۆسەكە و نەبوونی چارەسەری پێویست دەگەڕێتەوە، تا ئێستە هیچ وڵاتێك نەیتوانیوە ڤاكسین و دەرمان بۆ چارەسەری و رێگریكردن لە نەخۆشییەكە دروست بكات.
زیادەڕۆیی بەشێك لە میدیاكان خەڵكیان تۆقاندووە
لە هەرێمی كوردستان وەك تەواوی وڵاتان، چەندان كەس تووشی ڤایرۆسەكە هاتوون، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە كوردستان 176 كەس هەڵگری ڤایرۆسەكەن و لەو ژمارەیە دووانیان گیانیان لەدەست داوە، ئەمەیش وای كرد حكوومەت زوو رێكارەكانی خۆپاراستن بگرێتە بەر و بازاڕ و دوكانەكان دابخات و قەدەغەی هاتوچۆ رابگەینێت.

بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانی هاووڵاتییان، بەشێك لە میدیاكانە خەڵكیان بە شێوەیەك ترساندووە، "كۆرۆنا"، شاشە و سەردێری تەواوی تەلەڤزیۆن و سایتەكانی داگیر كردووە و بۆ بینەر و خوێنەری زیاتر هەر رۆژە و بە شێوازێك مەترسییەكانی نەخۆشییەكە دەخەنە روو،  لەوبارەوە گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان دەڵێت، پێویستە میدیاكان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و بەرنامەی وا پەخش بكەن تا خەڵك لە ماڵەكانیان هەست بە ئارامی بكەن نەك بێزاری، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانیش ئاماژە دەكات، هەندێك لە میدیا و دەزگا راگەیاندنەكان هەستیاریان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا هەیە و بەرپرسیارەتی هیچ هەڵناگرن لەو وڵاتە.

موحیەدین بادلی، دانیشتووی سۆرانە و یەكێكە لە نووسەرەكانی ناوچەكە بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، دەستی كرد بە ئامادەسازی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و پاراستنی هاووڵاتییان لە تووشبوون بەو نەخۆشییە، ئەمەیش بە كارێكی ئەرێنی و گرنگ دەنرخێندرێت.

هەروەها هەموو ئەو ڕێكارانەی گیراونەتە بەر بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، سەركەوتوو بوونە، بەڵام ئەوەی راگەیاندنەكانەوە دەبینرێن و دەبیسترێن، زۆر جار زیادەڕۆیی نادروستی لێ بەدی دەكرێت، ئەوجا هەر لە خەمڵاندنی ژمارەی توشبووان و مردن، تا دەگات بە ئاراستەكردنی رێنوێنی قوڕس و ناڕاست، كە لەوانەیە بە زیان بۆ هاووڵاتییان پێچەوانە ببنەوە، بە تایبەتی لە سۆشیال میدیا كە بێ سانسۆر و فیلتەرە، هەركەسە و بە ئارەزووی خۆی لێكدانەوە بۆ ڤایرۆسەكە و توشبووان دەكات و رێنوێنی تەندروستی هەڵە بڵاو دەكەنەوە.

بادلی ئاماژەی كرد، بەشێك لە میدیایەكان بابەتەكە لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەكەن و دەیان چیڕۆكی نادروستی بۆ دەهۆننەوە، ئەمەیش بە نەرێنی و خراپ بەسەر خەڵكی كوردستاندا دەشكێتەوە و خەڵك دەكەوێتە نیگەرانی و ترسی زیاد لە پێویست و ونبوونی راستییەكان و تێكەڵی لە شێوازی خۆپارستن،  بۆیە باشترین ڕێگەچارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە، تەنیا پێڕەوكردنی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و پزیشكانی پسپۆڕ و شارەزایە لەو بوارەدا، دووپاتی كردەوەن لە هەر كەناڵ و میدیایەك بە شێوازێك باس لە نەخۆشییەكە دەكەن و خەڵك سەری لێ شێواوە كە بڕوا بە كامەیان بكات.

ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرەتای پەیدابوونی ئەو نەخۆشییە، وەك سەندیكا  هەموو هەوڵێكمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دا، تا لەم بارودۆخە هەستیارەدا رێگەپێدان بە راگەیاندنكاران بەردەوامی هەبێت و ئاسانكارییان بۆ بكرێت، چونكە كاری میدیا گەیاندنی زانیارییە بە خەڵك و قەڵغانی كارەكانە، بۆیە حكوومەت و سەرجەم داوودەزگەكان بەبێ میدیا ناتوانن كارەكانیان بە باشی ئەنجام بدەن .

زیاتر گوتی، ناكرێ میدیا ببێتە مایەی چاندنی تۆوی رق و كینە و دڵتەنگی و دوودڵی لای خەڵك، میدیا نابێت ببێتە بەدیلی حكوومەت، لە رابردوو فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێمە لە پێوەندیدا بوون و ئەو سەرنجەیان داوە كە نابێت بەردەوام تەلەڤزیۆنەكان حاڵەتێكی سایكۆلۆجی خراپ دروست بكەن، بەتایبەتی كە هەندێ دیمەن هەیە لە كات و ساتی دۆخی ئاسایشدا گونجاو نییە بڵاوكردنەوەی.
 
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژەی كرد، كاری میدیا خۆی لە خۆیدا بەرپرسیارەتییەكی ئەخلاقی و نیشتمانییە، بۆیە راشكاو بم لەگەڵ خەڵكی كوردستان، هەندێك لەو میدیا و دەزگە راگەیاندنانە هەستیاریان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا هەیە، بەرپرسیارەتی هیچ هەڵناگرن لەو وڵاتە و  بەلایەنەوە گرنگ نییە كە چی بڵاو دەكەنەوە و كاردانەوەی چی دەبێت. 

دووپاتی كردەوە، بە پێی یاسایی ژمارە 35ی رۆژنامەگەری، داوكاری گشتی و دادگەكان دەتوانن دەزگەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان رووبەڕووی یاسا بكەنەوە، بەڵام لە یاساكەیشدا كەموكوڕی زۆری تێدایە كە هۆكارە بۆ ئاڵۆزیی  كاری میدیایی، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە، میدیای كوردستان ریفڕۆم و خۆی نوێ و رێك بخاتەوە. 

"ئێمە لە سەندیكا شەش هەزار ئەنداممان هەیە كە رۆژنامەنووسن، بەڵام ئێستە بەشێكی زۆریان كاری راگەیاندن ناكەن و پێوەندیان بە كاری میدیاییەوە نەماوە، ئەوان هەوڵیان داوە ئیسغلالی دۆخەكە بكەن و ئەو بەڵگەی كە لە بەردەستیان ماوە، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكار دێنن"، نەقیبی رۆژنامەنووسانی وای گوت.

لای خۆیەوە، محەمەد گۆمەشینی، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی هاتنەپێشی ئەو دۆخەی ئێستە كە جیهانی داگیر كردووە، ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە رووی لە مرۆڤایەتی كردووە، لە رووی تەندروستییەوە دۆخێكی تازەی تەندروستی دروست كردووە، لە رووی دەروونیشەوە كاریگەری خۆی هەیە، چونكە یەكێك لە شێوەكانی خۆپاراستن، مانەوەی هاووڵاتییانە لە ماڵەكانیان و دوور كەوتنەوەیە لە جەنجاڵی، ئەمەیش وای كردووە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەشێك لە هاووڵاتییان دروست بكات.

دووپاتی كردەوە، بەداخەوە میدیا، بە تایبەت بینراو، نەیانتوانیوە مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەم دۆخە بكەن و ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە، ئەوان بە هەواڵی بە پەلە و ئاماری تووشبووان و مردووانی جیهان، شەو و رۆژ لەسەر شاشەی تیڤییەكان پێشانی خەڵك دەدرێت، ئەمەیش كاریگەرییەكی نەرێنی و دەروونی زۆر خراپی لەسەر هاووڵاتییان جێهێشتووە و وا دەكات بەرگری لەش كەم بكاتەوە و هۆكارێك بێت بۆ تۆقاندن و ترساندن، بۆیە هیوادارین لەم قۆناغەدا هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن و زیاتر بەرنامەی هۆشیاری و بەرنامەی تەندروستی و زانیاری پەخش بكەن، تا خەڵك لە ماڵەكانیان هەست بە ئارامی بكەن نەك بێزاری.

شایەنی باسە سەندیكای رۆژنامەنووسان لە لە هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش هەزار ئەندامە و نزیكەی 280 رۆژنامە و گۆڤار و دەیان كەناڵی تیڤی و راگەیاندن مۆڵەتی فەرمییان هەیە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل