گیرا.. تیرۆریستێك خۆی كردووە بە نابینا

:: PM:08:28:02/04/2020 ‌
لە شارەدێی رزگاری سەر بە شارۆكەی كەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دوای دوو ساڵ مانەوەی لەشارەدێكە دەردەكەوێت كەسێك بەساختەوە خۆی كردووەتە نابینا و گەورە تیرۆریستێك بووە كە چەندان تاوانی ئەنجامداوە.

بیستمان لەم رۆژانە لەكاتی هەوڵی گرتنی دەركەوتووە و نابینا نیە
بورهان حەسەن، هاووڵاتییەكی شارەدێی رزگاریە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە شارەدێیەكەی ئەوان كەسێك وەك نابینا دەركەوتووە و تەنانەت زۆر جار هاوكاریان كردووە.

روونیشی كردەوە كە خۆی و هاوژینی عەرەب بوون و "بیستمان لەم رۆژانە لەكاتی هەوڵی گرتنی دەركەوتووە و نابینا نیە و بەدرۆوە خۆی كردووەتە نابینا".

لای خۆیەوە عوسمان عەبدولكەریم بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو تیرۆریستە ناوی مەحموود خورشیدە و ناسرابوو بە ئەبوعەلی كە لە ساڵی 2007 لەگەڵ شەش كەسی تر گرووپی تیرۆریستیان لە سنووری شارەدێیەكەی گولاڵە و تبج دروست كردبوو.

ئاماژەی بەوەیش كرد ئەو كەسە دەستی هەبووە لە لێدانی هێزی هاوپەیمانان و هێزی عێراقی. لەبارەی چیرۆكی خۆی كردنی بەنابینا باسی لەوەكرد، ئەو تیرۆریستە بەر لە ماوەیەك، لە شارەدێی جەبارەی سەر بەشاركەی خانەقینەوە خۆی حەشارداوە و دواتر پێش ماوەیەك بەناسنامەی ساختەوە هاتووەتە شارەدێی  رزگاری و خۆی كردووە بە نابینا.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم