ئه‌مڕۆ له سنووری خانه‌قین ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ڕوویداو به‌هۆیه‌وه دوو چه‌كداری میلیشیا شیعه‌كان برینداربوون.
ئه‌وه جاری چواره‌مه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانیان
ئه‌مڕۆ هه‌ینى سێى نیسان، پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ی شارۆكه‌ی خانه‌قین، برینداربوونی دوو چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراوه‌وه ڕاگه‌یاند، به‌رپرسێكی میلشیاكانیش ده‌ڵێت، داعش له ناوچه‌كه ته‌شه‌نه‌ی كردووه.
ته‌لعه‌ت ڕه‌فعه‌ت، ئه‌فسه‌ری پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خانه‌قین، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سه‌ر له به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌ی سنووری شاری خانه‌قین بۆمبێكی چێنراو به‌هێزه‌كانی حه‌شدى شه‌عبیدا ته‌قییه‌وه.
زیاتر گوتى، به‌هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌وه دوو چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی برینداربوون، برینی یه‌كێكیان زۆر سه‌خته بۆیه ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شاری باقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله كراوه.
هاوكات ئه‌بو مونته‌زر فه‌رمانده‌ی میلشیا شیعه‌كان، له سنووری خانه‌قین، بۆ "وشه" ئاشكرایكرد، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه داعش له سنووری نه‌فتخانه ناو به ناو هێرش ده‌كاته سه‌ر میلیشیا شیعه‌كان.
زیاتر گوتى، له ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆدا ئه‌وه جاری چواره‌مه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانمان له سنووری نه‌فتخانه.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی