ڕوونکردنەوە لەسەر ڕاكێشانی بۆڕی نەوت لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەدرێت

:: AM:09:54:04/04/2020 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەو بۆڕییە نەوتە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی سووتەمەنییە  بۆ هاووڵاتییان وەك نەوت و گاز و بەنزین.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە بارەی ڕاپۆرتێك كە باس لە پڕۆژەی بۆڕیی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان لە كۆماری ئیسلامیی ئێـرانەوە بۆ هەرێم لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەكرێت. ڕوونی دەكەینەوە كە مەبەستی ئەم پڕۆژەیە دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی سووتەمەنی هاووڵاتییانە.

لەو بۆڕییە هەوڵ دەدرێت پێداویستییەكانی بەنزین و گاز و نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت
لە ڕوونكردنەوەكەدا باس لەوەش كراوە، لەو بۆڕییە هەوڵ دەدرێت پێداویستییەكانی بەنزین و گاز و نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت.

وەزارەتی دارایی ئاشكرای كردووە، بە ڕەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی (كۆڤید 19) و پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان و لە پێناو بەرگرتن لە بەریەككەوتنی نێوان شۆفێر و كارمەندانی هەردوولا و پەمپكردنی ئەو بەرهەمە نەوتییانە ڕاستەوخۆ لە خەزانی تانكەرەكانەوە، نەك بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی نەوتی خاو.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ڕوون كراوەتەوە، ئەوەی جێی باسە تا ئێستە ئەم پڕۆژەیە نەكەوتووەتە كار بەهۆی تەواونەبوونی ڕێكارەكانی وەرگرتنی ڕەزامەندی كۆتایی لایەنە پێوەندیدارەكان.



وشە - رامیار جەواد