دەرمانێکی مەترسیدار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كێشرایەوە

:: AM:09:59:04/04/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارمان داوە بە كشانەوەی دەرمانی "رانیتیدین" بەهۆی بوونی مادەی شێرپەنجە لەناو دەرمانەكە.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان پاش بەدواداچوونێكی ورد لەسەر زانیارییە فەرمییەكانی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەموریكی (FDA)، لەسەر دەرمانی رانیتیدین (Ranitidine) بەهۆی بوونی مادەی شێرپەنجەیی (NDMA) لەناو دەرمانەكەدا بڕیاری كشانەوەی ئەو دەرمانەی لە بازاڕ دا.

مادەی (NDMA) مادەیەكی مەترسیدارە و رەنگە ببێتە هۆی شێرپەنجە
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی دەکاتەوە، ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانە، ئێمەش بڕیارمان دا بە كشاندنەوە و راگرتنی مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە هەموو جۆر و شێوە دەرمانسازییەكانی دەرمانی رانیتیدین، بۆیە پێویستە لەمەودوا پزیشكان و دەرمانسازان لەجیاتی دەرمانی رانیتیدین، جێگرەوەی تر لە نەخۆشخانەكان، بنكە تەندروستییەكان و دەرمانخانەكان بدەن بە نەخۆش.

باس لەوەش كراوە، مادەی (NDMA) مادەیەكی مەترسیدارە و رەنگە ببێتە هۆی شێرپەنجە، ئەو مادەیە لەناو ئاو، خۆراك و بەرهە دەرمانسازییەكاندا بە بڕێكی دیاریكراو هەیە، بەڵام كاتێك لە بڕی پەسەندكراو زیاتر دەبێت، مەترسیی لەسەر تەندروستیی بەكارهێنەر دروست دەكات.

دەرمانی رانیتیدین بەفراوانی بە رەچەتە و بەبێ رەچەتە بۆ چارەسەركردنی گەدەكزێ و برینی گەدە و دوازدەگرێ بەكار دەهێنرێت.



وشە - رامیار جەواد