ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی ئێران ئاشكرای ده‌كات، به گومانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا، پشكنین بۆ 190 په‌رله‌مانتاری ئه‌و وڵاته ئه‌نجام دراوه و چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانن.
پێشتر پشکنین بۆ 100 پەرلەمانتاری تر کرابوو
ئه‌مڕۆ شه‌موو چواری نیسان، مه‌عسوومه ئاغاپوور عه‌لیشاهی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی ئه‌نجوومه‌نی شوورای ئیسلامی ئێران له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی
فه‌رمی كۆماری ئیسلامی رای گه‌یاند، به گومانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا، پشكنین بۆ 190 په‌رله‌مانتار ئه‌نجام دراوه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌و پشكنینه دوای ئه‌وه ده‌ستی پێ كردووه كه له ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ده‌ركه‌وت تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه.
وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، پێشتریش پشكنین بۆ 100 په‌رله‌مانتار ئه‌نجام درابوو و ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ی تووشی كۆرۆنا هاتبوون چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه.
رۆژی پێنجشه‌م دووی نیسان، ماڵپه‌ڕی فه‌رمی په‌رله‌مانی ئێران ئاشكرای كرد، دوای ئه‌نجامدانی دوو پشكنین بۆ عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران، ده‌ركه‌وت تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه.
تا ئێسته چوار په‌رله‌مانتاری ئێران به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه گیانیان له ده‌ست داوه و به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كانیش 47 ئه‌ندام په‌رله‌مان تووشی ئه‌و ڤایرۆسه بوون.