حكوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکرێت لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە مووسڵ

:: AM:11:58:04/04/2020 ‌
حكوومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە كارمەندانی هێزە چەكدارەكانی راگەیاند، بەپێی بڕیارەكەش بێت ئەوان دەتوانن هاتوچۆ لەنێوان شارەكان ئەنجام بدەن. پەرلەمانتارانی مووسڵ و نەجم جبووری پارێزگاری ئەو شارە دەڵێن، حكوومەت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە مووسڵ بەرپرسیارە.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا پارێزگار و پەرلەمانتارانی مووسڵ، حكوومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارەكەیان.

نەجم جبووری پارێزگاری مووسڵ لە تویتێكدا رای گەیاند، رێدان بە هاتنە ناوەوەی كارمەندانی هێزە تەناهییەكان لەو شارانەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاوە، هۆكار دەبێت لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ئەو شارە، لەمەشدا حكوومەتی عێراق بەرپرسیارە.

لە بەیاننامەیەكی تردا كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، پەرلەمانتارانی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی توند لە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق دەگرن كە رێ بە كارمەندانیان دەدەن و مۆڵەتیان پێ دەدەن كە هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكان بكات، دەڵێن ئەمە هۆكار دەبێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەناو هاووڵاتییان و تووشبوونی كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ و بەرگری خۆیان.

حکوومەت بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مووسڵ


بەپێی بەیاننامەكە بێت تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار كارمەندی هێزەكانی ناوخۆ لە مووسڵ، داوای مۆڵەتیان كردووە، پەرلەمانتارانی مووسڵیش ئەمە بە مەترسی دەزانن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە شارەكەیان. 

بڕیارەكە لە كاتێكدایە سەرجەم هێزەكانی سوپا لە مووسڵ پێشتر بەهۆی بڕیارێكی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاكە، لە بارەگاكانی خۆیان بۆیان نەبوو بێنە دەرەوە و تێكەڵی هێزە تەناهییە خۆجێیەكان و خەڵك ببن، بەڵام ئەو هەنگاوە وادەكات تێكەڵی خەڵك ببن.

پەرلەمانتارانی مووسڵ لە بەیاننامەیەكەیاندا بەرپرسیاریەتی دەخەنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی وەزیرانی كاربەڕێكەر كە فەرماندەی گشتی هێزەكانی چەكدارە، دەڵێن بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مووسڵ ئەو لێی بەرپرسە.

مووسڵ، بەهۆی پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەكان و قەدەغەی هاتوچۆ یەكێكە لە پاكترین شارەكانی عێراق، تا ئێستە تەنیا پێنج كەس لەو شارە تووشی كۆرۆنا بوونە و یەكێكیش چاك بووەتەوە.

لە سەرانسەری عێراق تا ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، 821 تووشبووی كۆرۆنا تۆمار كراوە، لەم ژمارەیە 227 تووشبوو چاك بووەتەوە و 54 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - فه‌رمان سادق