ترەمپ بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری لە پۆستەكەی دەردەكات

:: PM:12:44:04/04/2020 ‌
دوای ئەوەی لەسەر دۆسیەی ئۆكرانیا كە سەرۆكی ئەمەریكا رووبەڕووی لێپرسینەوە بوو، بەڵام زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران بووە فریادڕەسی ترەمپ و مانەوەی لە پۆستەكەی. دۆناڵد ترەمپ بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری دوو دەخاتەوە و لە نامەیەكیشدا بۆ كۆنگرێس دەنووسێ، زۆر گرنگە ئەوانەی لەگەڵیدا كار دەكەن جێی متمانە بن. 

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەردوو لیژنەی هەواڵگری لە كۆنگرێسی ئەمەریكی ئاگادار كردەوە كە ویستی لادانی مایكڵ ئەتكینسۆن پشكێنەری گشتی بۆ كاروباری هەواڵگری لە پۆستەكەی هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەتكینسۆن كۆنگرێسی ئاگادار كردەوە لە بوونی پێوەندی لە نێوان سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ ئۆكرانیا لە پرسی تۆمەتباركردنی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە بڕیارە لە هەفتەی یەكەمی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

ئەتكینسۆن، دەبێتە سێیەم بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ لەسەر دۆسیەی ئۆکرانیا لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە


پرسی تێوەگلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا لە كردنەوەی دۆسیەی تۆمەتباركردنی جۆ بایدن، وای كرد دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رووبەڕووی لێپرسینەوە و تۆمەتباركردن ببێتەوە و رێكاری دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی لەلایەن پەرلەمانی ئەمەریكا لە دژ گیرایەبەر، بەڵام بەهۆی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران، لە كۆتادا دۆسیەی لێكۆڵینەوەكە بە ئاراستەی بەرژەوەندی ترەمپ یەكلا كرایەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە نامەكەی بۆ كۆنگرێسی وڵاتەكەی لەبارەی مایكڵ ئەتكینسۆن نووسیویەتی "زۆر گرنگە متمانەی تەواوم بەو فەرمانبەرانە هەبێت كە وەك پشكێنەری گشتی كار دەكەن".

بەپێی یاسای پشكێنەری گشتی، جگە لە سەرۆك هیچ كەسێكی تر بۆی نییە پشكێنەری گشتی لە پۆستەكەی دوور بخاتەوە، رێكاری دوورخستنەوەكەش وەك لە یاسایەكەدا هاتووە، دەبێت سەرۆك نامەیەك بۆ كۆنگرێس بنووسێت و تێیدا هۆكاری دوورخستنەوەكە روون بكاتەوە، ئەو نامەیەش ماوەی یەك مانگ بە نهێنی دەمێنێتەوە. سەرۆكی ئەمەریكاش هەر لەو رۆژەی نامەكەی بۆ كۆنگرێس ناردووە، دەستبەجێ مۆڵەتی مانگێكی ناچاری بە ئەتكینسۆن داوە.

 جێی باسە هەر لەسەر ئەو دۆسیەیە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەریەكە لە جۆردن ساندلاند باڵوێزی ئەمەریكا لە یەكێتیی ئەوروپا و كۆلۆنێل ئەلكساندەر فیندمان یاریدەدەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پۆستەكانیان دوور خستنەوە.



وشە - فه‌رمان سادق