ڕاگرتنی هەناردەی برنجی هیند و پاکستان كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر كوردستان نییه‌

:: PM:01:55:04/04/2020 ‌


هند و پاكستان هه‌نارده‌ی برنج راده‌گرن و بازرگانێكی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێ هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كوردستان نییه‌ و بازرگانان ده‌توانن له‌ جیاتی ئه‌م دوو وڵاته‌، له‌ وڵاتی تره‌وه‌ برنج هاورده‌ بكه‌ن.

وڵاتان بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئاسایشی خۆراك، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌نارده‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و به‌شی پێداویستی ناوخۆیان كۆگا بكه‌ن و ده‌ڵێن نه‌كا به‌هۆی رێوشوێنه‌كان وڵاتانیان تووشی كه‌میی خۆراك ببنه‌وه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ هیند و پاكستان بڕیاریان دا هه‌نارده‌كردنی برنج تا كۆتایی ته‌نگژه‌ی كۆرۆنا بوه‌ستێنن و رێ به‌ كۆمپانیاكانیان ناده‌ن چیتر برنج هه‌نارده‌ بكه‌ن.

پێویسته‌ بگوترێت له‌م دوو وڵاته‌وه‌ به‌رهه‌مێكی زۆری برنج هه‌نارده‌ی كوردستان ده‌كرێ و پێشبینی ده‌كرێ به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ كه‌م بكات به‌ڵام بازرگانێك ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

فه‌لاح ئه‌نوه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای هانزۆ و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری رۆشنبیری و بازرگانی كوردستانی چینی بۆ "وشه‌" باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ كوردستان له‌سه‌ر كه‌میی خۆراك نییه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی كۆگاكانی خۆراكی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵكه‌وتوون.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی چین و پاكستان راست بێت كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نابێت، چونكه‌ له‌ كوردستان جێگره‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌كرێ له‌ جیاتی پاكستان و هیند سوود له‌ به‌رهه‌می ئه‌نده‌نووسیا و تایله‌ند وه‌ربگیرێت.
له‌ جیاتی پاكستان و هیند سوود له‌ به‌رهه‌می ئه‌نده‌نووسیا و تایله‌ند وه‌ربگیرێت.

یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی ئه‌و بازرگانه‌ پێداگری له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت  و ده‌ڵێ، 29 ساڵه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن خاكی به‌ پیت له‌ كوردستان هه‌یه‌ و ده‌بێ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵیی بقۆزرێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌س گوێی لێ نه‌گرتوون.

به‌گوته‌ی ئه‌و بازرگانه‌ باشترین رێ بۆ په‌ره‌پێدانی ستراتیجیی خۆراك ئه‌وه‌یه‌ له‌ ناوخۆ به‌رهه‌م بهێنرێت.

پێشتر وه‌زیری بازرگانی و به‌رپرسانی تری بازرگانیش خه‌ڵكیان له‌وه‌ دڵنیا كردووه‌ته‌وه‌ هیچ كه‌مییه‌كی خۆراك له‌ كوردستان روو نادات و كۆگاكان به‌شی شه‌ش مانگی تریشیان پاشه‌كه‌وت كردووه‌.




وشە - سلێمان تاشان