عەلی حەمەساڵح: دڵنیایی ئەوە درا كە دەستكاری مووچەی فەرمانبەران نەكرێت

:: PM:03:01:04/04/2020 ‌
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ئاشكرا دەكات، دەڵێ دووپات لەوە كراوەتەوە كە مووچەی فەرمانبەران دەبێت دڵنیایی بدرێت و ئاشكرای دەكات، حكوومەت لە بەرنامەیدایە خۆراك بكڕێت و دابەشی سەر خەڵكی بكات.

سەعات 11ـی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە بینای پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە پرسی مووچەی فەرمانبەران، كرێی خانوو و شوێنە بازرگانییەكان و ئامادەكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوەكە رای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا دڵنیایی ئەوە دووپات كراوەتەوە كە دەستكاری مووچەی فەرمانبەران نەكرێت.

حکوومەت بە نیازە خۆراک بکڕێت و دابەشی سەر هاووڵاتیانی بکات


لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا كە زریان تەها پەیامنێری "وشە" ئامادەی بوو، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هێمای بۆ كرێی خانوو و شوێنە بازرگانییەكان كرد كە كۆمەڵێك پێشنیاز هەن كە دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا بە وردی باسیان دەكات. گوتی "تەنانەت بیر لەوە كراوەتەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی خۆراكە سەرەكییەكان بكڕێت و ئەمباری بكات و لە كاتی پێویست دابەشی سەر هاووڵاتییانی بكات".

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بە ژمارەیەك لە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد پێوەند بە چاكسازی لە خاڵە سنوورییەكان و كاری كۆمپانیاكان و گرێبەستی گومرگەكان. گوتی "بۆ ئەمە لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێنرێت كە پەرلەمانتارانی لیژنە پێوەندارەكان تێیدا ئەندام دەبن و چاودێری بڕیارەكانی حكوومەت دەكەن بۆ ئەو مەبەستە، پێویستە لەم قۆناغەشدا چاكسازی لە خەرجی و داهاتەكان خێرا بكرێت تا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی تەنگژەی دارایی نەبێتەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەیشی روون كردەوە كە پێویست دەكات رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكرێت لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.


وشە - فه‌رمان سادق