مەروان وێنەی جیاوازی پێشمەرگە دەکێشێت

:: PM:06:07:04/04/2020 ‌

شێوەکارێکی گەنج کە ماوەی ساڵانێکە دەستی بەکاری شێوەکاری کردووە و بە کەلوپەلی جیاواز وێنە دەکێشێت و لە پرۆژەیەکی جیاوازیشیدا بە کاری هونەری پێشمەرگەی لە بیر نەکردووە.

مەروان محەمەد عەلی خەڵکی ھەولێرە و دانیشتووی شارەدێی دارەتووی سەر بە پارێزگای ھەولێرە خوێندکاری پەیمانگای ھونەرە جوانەکانە و لە کۆتا قۆناغی بەشی شێوەکاری لقی نیگار کێشانە، ئەم شێوەکارە بۆ کارەکانی کەلوپەلی جیاواز بەکاردەهێنێت.

مەروان ھەر لە تەمەنی منداڵیەوە ڕووی لە وێنەکێشان کردووە و خولیای بووە کە بەشەکانی شێوەکاری بە شێوەی ئەکادیمی فێرببێت و لە ساڵی 2015 بەشداری لە خولێکی نیگارکێشان کردووە کە لەلایەن ھونەرمەندی شێوەکار مامۆستا ڕەنجدەر دەگوترایەوە، وەک خۆیشی بۆ "وشە" گوتویەتی، سوودێکی زۆرم لێ بینی تا ساڵی 2015 بە شێوەی ئەکادیمی دەستی بە لێکۆڵینەوەی ھونەری شێوەکاری کردووە.

شێوەکارەکە دەڵێ، حەزدەکەم لە ھەموو بوارێکدا بەرھەمی ھونەریم ھەبێت

زیاتر گوتی، حەزدەکەم لە ھەموو بوارێکدا بەرھەمی ھونەریم ھەبێت بە پێی دەرفەت کار لە بوارە جیاوازەکاندا بکەم وەک کارکردنم بۆ شەھید و پێشمەرگە و نەتەوە و کۆمەڵگای کوردی و کەسایەتیە دیارەکانی کورد و سیاسیەکان و لە پلانمدایە لە ساڵانی داھاتوو ھەنگاوی زیاتر ببڕم. 

لە کارەکانیشیدا ئەم شێوەکارە ھەموو ماتریاڵێک بەکار دەھێنێت و ئارەزووی تاقیکردنەوەی ھەموو جۆرە بۆیە و ماتریالێک دەکات و لە کارەکانیدا بۆیەی ئاوی و بۆیەی زەیتی و ئەکریلیک و پاستێل و قەڵەم بۆیەی بەکارھێناوە و لە وێنەکێشانیشدا چێژی خۆی لە بەکارھێانی خەڵوزی وشک دەبینێت و لە پلانیدا ھەیە لە داھاتوودا مادەی جیاواز بەکار بھێنێت لە کارەکانیدا.

لە ساڵی 2018 تابلۆی پێشمەرگەی دروست کردووە لە پەیمانگا بە ھاوکاری ھونەرمەند و مامۆستای شێوەکار ڕزگار فەقێ عەوڵا بە مادەی وەک جلی پێشمەرگە و تەل و سیکۆتین و ڕەنگی ئەکریلیک جلەکانی لەسەر تابلۆکە بە شێوەیەکی ھونەری لکاندووە، بەمەیش دەیەوێت ماندوێتی پێشمەرگە لەبیر نەکات.

مەروان محەمەدی شێوەکار بەشداری لە زیاتر لە 11 پێشەنگای ھاوبەش کردووە و کە زۆرینەی پێشەنگاکانی لە شاری ھەولێر و پێشەنگایەکیشی لە سلێمانی ئەنجام داوە و کارەکانی تێدا نمایش کردووە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان