ئاماره‌كانى تووشبوانى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ عێراق به‌رز ده‌بێته‌وه‌

:: PM:08:02:04/04/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، له‌ نوێترین ئاماریدا ڕای گەیاند، ئەمڕۆ 58 تووشبووی نوێی ڤایرۆسى کۆرۆنا لە ته‌واوى عێراق و هه‌رێمى كوردستان تۆمار کراون کە زۆرترین ژمارەیان لە پارێزگای نەجەف بووە.

34 توشبووی نوێ لە پارێزگای نەجەف بووە
ماوەی دوو ڕۆژە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر دەبێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەمڕۆ شه‌موو چوارى نیسان، د. نایف هاشم لە تاقیگەكانی فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە "وشە"ی‌ ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 58 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە و لەو ژمارەیە 34 توشبووی نوێ لە پارێزگای نەجەف بووە و لە پارێزگاى بەسرە نۆ حاڵەت تۆمار کراوە."

زیاتر گوتى، "له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ شاره‌كانى سلێمانی چوار حاڵەت، هەولێر شەش حاڵەت هه‌بووه‌، له‌لایه‌كى تر له‌ بەغدا سێ حاڵەت و لە دیالە و موسەنا حاڵەتێکی نوێ توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە."

بەگوێرەی دوا ئامارى فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تا ئێسته‌ 878 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ته‌واوى عێراق و هه‌رێمى كوردستان تۆمار کراوە، لەو ژمارەیە 259 هاووڵاتیى چاکبوونەتەوە و 56 حاڵەتی گیان لە دەست دان هەبووە.


وشە - محەمەد میران