مینه‌ چێندراوه‌كان له‌گه‌ڵ باراناودا شۆڕ ده‌بنه‌وه‌

:: PM:08:53:04/04/2020 ‌
ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بەهێزی با و باران هەرێمی كوردستان و دەڤەری سۆرانی گرتەوە, بەو هۆیەوە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە لە چیاكانی سنوورەكە هاتوونەتە خوارەوە.

299 پارچە تەقەمەنی دۆزرایەوە
ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكان لە  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین/ هەولێر، بە "وشە" راگەیاند، لە ئەنجامی باران بارینی بەخور و بای بەهێز, لەچەند ناوچەیەكی سنووری سۆران وەك كەندی دیانا و چیای لیرسماق ژمارەیەك مین و تەقەمەنی دەركەوتوون.

زیاتر گوتی، لە گوندی بەرچیخەی دەڤەری برادۆست, دوای چاككردن و راستكردنی  شونێك بۆ دروست كردنی خانوو, 299 پارچە تەقەمەنی كە خۆی لە گولە هاونی جۆری 100 ملیمی و تەقەمەنی نەتەقاوەی تر دەبینیەوە دۆزرایەوە.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی مین و تەقەمەنی, دەیان كەس دەبنە قوربانی, ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی چۆمان هاووڵاتییەك بەهۆی پێدا تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا.

  سۆران/ موڕشید برادۆستی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم