ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای دیالە تووشی كێشەی كارەبا دەبنەوە

:: PM:09:28:04/04/2020 ‌
 
هاووڵاتییانی شارۆكەی خانەقین كە بە هاوشێوەی هەموو دنیا رووبەڕووی مەترسییەكانی كۆرۆنا بوونەتەوە، ئەوان بە دەست كەمبوونەوە و نەمانی كارەبایشەوە دەناڵێنن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارەبای شارۆكەكەیش هۆكارەكەی بۆ حكوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو ژمارەیەك هاووڵاتییانی خانەقین، "وشە"یان لەوە ئاگەدار كردەوە كە ماوەی دوو رۆژە كارەبای نیشتمانیان زۆر كەمبووەتەوە، ئەوكاتەیشی دێتەوە، هەموو ئامێرە كارەباییەكان كار پێ ناكات. 
پێویستە گرێبەستی كڕینی كارەبا نوێ بكرێتەوە
سرووە فازڵ، هاووڵاتییەكە و كاری بەرگدووری دەكات، بۆ "وشە" گوتی، بەردەوامیی كێشەی لاوازی و نەبوونی كارەبا، بووەتە هۆكارێك بۆ بێزاری خەڵك لەوانەی بە كارەبا ئیشەكانیان بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە كار نییە و ئەوان بێ كارەبان.

سامی جیهاد، بەڕێوەبەری كارەبای خانەقین سەر بە هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، كەمبونەوە و دروستبوونی كێشەی كارەبا لەم كاتەدا، پێوەندی بە حكوومەتی عێراقییەوە هەیە، چونكە گرێبەستی كڕین و هێنانی كارەبای لە ئێران نوێ نەكردووەتەوە.

زیاتر گوتی، هاووڵاتییان لە دۆخێكی خراپدان و تەنیا چارەسەر ئەوەیە حكوومەتی عێراق، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو گرێبەست لەگەڵ ئێران نوێ بكاتەوە، تا ئەو وڵاتە كارەبای خانەقین و ناوچە كوردستانییەكان و دیالە دابین بكات، دووپاتی كردەوە، ئەو كارەبا نیشتمانییەی هەیە و كارەبای عێراقە، بە هاوشێوەی كارەبای ئێرانی بەهێز نییە.

شایەنی باسە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە، حكوومەتی عێراق لە رێگەی پارێزگاری دیالەوە، ساڵانە بە بڕە پاریەكی خەیاڵی كە دەگاتە ملیارێك دینار، كارەبا لە ئێرانەوە دەكرێ و بۆ ناوچە كوردستانییەكان و پارێزگای دیالە، لەوكارەیش هیچ پرس و رایەك بە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان نەكراوە كە هەڵوەشێنراونەتەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل