ئەمەریكا و كەنەدا گوشار دەخەنە سەر سعوودیە و رووسیا

:: PM:10:27:04/04/2020 ‌

دوای ئەوەی ناكۆكییەكانی نێوان سعوودیە و رووسیا سەری هەڵدایەوە و كۆبوونەوەی دووشەمی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت هاتە دواخستن، رۆژنامەیەكی بەریتانی رای گەیاند كە بەرپرسانی ئەمەریكی و كەنەدایی، گفتوگۆ لەبارەی سەپاندنی رسوومات بەسەر هاوردەكردنی نەوتی رووسیا و سعوودیە دەكەن، ئەگەر ئەوان نەگەیشتن بە رێككەوتن و كۆتاهێنانی بە جەنگی نەوت. 
ئەمەریكا پەنا بۆ گوشاركردن بۆ رێكخستنی بازاڕی نەوت دەبات
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چەند تویتێكی كرد و رای گەیاند كە هەریەك لە سعوودیە و رووسیا رازی بوونە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت تا ئاستی 10-15 ملیۆن بەرمیل، بەوەیش نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا هەڵكشا، ئێستەیش ئەوان دەیانەوێ كۆبوونەوەیەك ساز بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە.

رۆژنامەی "فاینانشیەڵ تایمز"ی بەرتانی گوتی، بەرپرسانی ئەمەریكا و كەنەدا تاوتوێی سەپاندنی باج و رسوومان بەسەر نەوتی هەریەك لە رووسیا و سعوودیە دەكەن، ئەگەر ئەوان لەبارەی جێگیركردنی نرخی بازاڕی نەوت نەگەن بە رێككەوتن، لەوكاتەی مەرجی وڵاتان هاتنی ئەمەریكایە بۆ ناو رێككەوتننەكە.

 ئەمڕۆ شەموو سێ سەرچاوە لە ناو ئۆپێك ئاشكرایان كرد، پێشبینی دەكرێت كۆبوونەوەی نائاسایی دووشەم، بۆ 8یان 9ی ئەم مانگە بێتە دواخستن، ئەوەیش بە مەبەستی بواردانی زیاتر بۆ گفتوگۆكان، ئەگەرچی ئەوان لە ئاستی ناكۆكییەكانی سعوودیە و رووسیایان كەم كردەوە، بەوەی تا ئێستەیش دۆخی نێوانیان ئەرێنییە، ئەگەرچی تا ئێستە هیچ رەشنووسێكی رێككەوتن یان رێككەوتن لەسەر وردەكاری لەبارەی شێوازی كەمكردنەوەی بەرهەم، لە نێواندا نییە.

روونیان كردەوە، یەكەم كێشە دەبێت ئێستە ئاستی بەرهەمهێنان كەم بكەینەوە، نەوەك گەڕانەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی پێش تەنگژەكە هەبوو، دووەم، پێویستە ئەمەریكییەكان رۆڵێك بگێڕن، سێیەم، وڵاتانی بەرهەمهێن كار بۆ كەمكردنەوەیەكی زۆری نەوت بكەن تا ئاستی 10%ی خراوەتە روو یان 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، كە وڵاتان داوا دەكەن ئەمەریكایش بگرێتەوە. 

لە ماوەی رابردوو، بەتایبەتی لە 30ی ئازاری رابردوو، نرخی نەوت گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 18 ساڵدا، ئەوەیش بەهۆی كەمبوونەوەی خواست و كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و شكستی ئۆپێك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل