سووریا.. داعش هەشت هاووڵاتی دەكوژێت

:: PM:10:48:04/04/2020 ‌

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەرقاڵی دنیا بە حكوومەت و سوپا و هێزە تەناهییەكان بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی تا ئێستە زیاتر لە ملیۆنێك كەسی تووش كردووە و زیاتر لە 64 هەزار حاڵەتی مردنیش هەیە، میدیاكانی سووریا رایان گەیاند كە گرووپێكی داعش هەشت هاووڵاتییان لە پارێزگای دێرزووری رۆژهەڵاتی سورویا رفاندووە و ئەوانیان كوشتووە.
كۆرۆنا ئاسانكاری بۆ خۆرێكخستنەوەی داعش دەكات
ئاژانسی "سانا"ی سووری ئەمڕۆ شەموو روونی كردەوە، گرووپێك لە پاشماوەی چەكدارانی داعش، كوشتارگەیەكی نوێیان بۆ هەشت هاووڵاتی لە ناوچەی تبنی لە دەشتی پارێزگای دێرزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام داوە، بە پێی شایەتحاڵەكان ئەو كەسانە خەڵكی ناوچەی مەعدانن و بەدوای كۆكردنەوەی دۆمڵانەوە بوونە. 

ئاژانسەكە ئاماژەی كرد كە ئەوە یەكەمجار نییە كە چەكدارانی داعش خەڵكی ئەو ناوچانە دەكوژن، كە ئەوان خەریكی شوانكاری و كۆكردنەوەی دۆمەڵانن لە دەشتەكانی رەقە و دێرزوور و حمس، لەو كاتەی ماوەیەك پێش ئێستە دوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەرقاڵی هێزە تەناهییەكان بە رێكخستنی ژیانی خەڵك و پاراستنیان، سوودیان لەو بۆشاییە تەناهیانە وەرگرت و لەوانە هەوڵی هەڵاتنیان لە گرتووخانەكان دا لە ناوچە كوردییەكان، جیا لە هەوڵی ئەنجامدانی هێرش و خۆرێكخستنەوەیان لە سووریا و عێراق.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل