ئەفسەرێكی لیوای پێنجی هێزی ئامادە ڕای گەیاند، لە سنوورەكانی نێوان مەخموور بۆ گەیارە داعش مەترسی ڕاستەقینەیە و مەفرەزەیان هەیە.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، حاتەم عەبدولكەریم جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی ئامادەی سوپای عێراق بە "وشە"ـی ڕگەیاند، كەلێنی زۆر لە دەوروبەری مووسڵ دروست بووە.
بە ئاشكرا مەفەرەزەكانی داعش هاتوچۆ دەكەن لە شەقامە سەرەكییەكان
ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق گوتی، ماوەی هەفتەیەكە بە ئاشكرا مەفەرەزەكانی داعش هاتوچۆ دەكەن لە شەقامە سەرەكییەكان، ئەوەیش دوای دروستبوونی كەلێن بە كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی سوپا بۆ ناو شارەكان.
باسی لەوەش كرد، تەنانەت ئێستە لە شەقامە سەرەكییەكان گرووپی داعش دەبینرێت و ئێمەیش ناتوانین وەك پێویست لە هەموو شوێنێ ئامادە بین، چونكە بەشێك لەو خاڵانەی زیاد كرابوون ئێستە نەماون.
ڕوونی كردەوە، دوای ئۆپراسیۆنەكەی قەرەچووخ و سنووری گەیارە هەشت خاڵی پشكنین دانرا، بەڵام ئێستە ئەو خاڵانەی پشكنین نەماون و بەتاڵ كراون، ئەوەیش مەترسییە بۆ سەر گوندەكانی ئەو شوێنە كە بەشێكیان كاكەییەكانن و پێشتر هێرشیان دەكرایە سەر.
لە سنووری چیای قەرەچووخ بە ڕووی مووسڵ، ئێستە جموجووڵی چەكدارانی داعش بە ئاسانی دەبینرێت و ڕۆژانە بۆسە بۆ هێزەكانی پۆلیسی عێراق و سوپا دادەنێنەوە.