كەرەنتینی كۆمەڵگەی سێبیران كۆتایی دێت

:: AM:09:55:05/04/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ كەرەنتینی كۆمەڵگەی سێبیران كۆتایی بێت و تەواوی ئەو كەسانە براون بۆ پشكنین كە گومانی هەڵگی ڤایرۆسەكەیان لێ‌ دەكرا.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، بەپێی ئەو بانگێشتنامەیەی بۆ "وشە" هاتووە و تێیدا نووسراوە، ئەمڕۆ سەعات یەك دواین هەڵمەتی ڕشاندن بۆ كۆمەڵگەی سێبیران ئەنجام دەدرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر.

سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و ئێستە كۆمەڵگەكە ئەتوانرێت ژیان تێیدا ئاسایی ببێتەوە
سەرچاوەیەكی تەندروستیش بە "وشە"ـی ڕأگەیاند، لە كۆمەڵگەی سێبیران كە تا ئێستە پشكنینەكان بەردەوامی هەبووە، سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و ئێستە كۆمەڵگەكە ئەتوانرێت ژیان تێیدا ئاسایی ببێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كرد، دانیشتووانی سێبیران دوای كەرەنتینكردنیان بە تەواوەتی پابەندی ڕێنوێنییەكانی تەندروستی بوون و بەچەندان شێوە سامپڵ وەرگیراوە لە هاووڵاتییانی ئەو كۆمەڵگەیە.

ماوەی 15 رۆژە كۆمەڵگەی سێبیران كەرەنتین كراون و چەند كەسێكی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاری كراون، ئێستە چارەسەر وەردەگرن و ڕۆژی یەكی نیسان چەند كەسێك بۆ ماڵەوە گەڕانەوە.

كۆمەڵگەی سێبیران سەربە شارەدێی كانی قڕژاڵەیە و پێنج كیلۆمەتر لە هەولێر دوورە .



وشە - رامیار جەواد