18 هاووڵاتیی تر لە هەولێر تووشی کۆرۆنا بوون

:: AM:10:13:05/04/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی تووشبوونی 18 هاووڵاتیی تر ڕادەگەیەنێت كە سەرجەمیان بەشداریی پرسەی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێریان كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم چوار نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەنراوە، لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومان لێكراوان، 18 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشان كران، كە هەشت پیاو و شەش ژن و چوار منداڵن.

هەموویان بەركەوتەی تووشبوویەكی پرسەی ماتەمینی گەڕەكی كارێزانن 
لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە كە هەموویان بەركەوتەی تووشبوویەكی پرسەی ماتەمینی گەڕەكی كارێزانن و دانیشتووی چەند گەڕەكێكی جیاوازی شاری هەولێرن.

كۆی گشتی تووشبووانی پرسەی ماتەمینییەكەی گەڕەكی كارێزان، بووە 32 تووشبوو.

ئێستە كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان بریتین لە 232 تووشبوو، 74 كەسیان چاك بوون و سێ‌ كەس گیانیان لە دەست داوە. 




وشە - رامیار جەواد