بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا داوای چوار ترلیۆن دۆلار قەرەبوو لە چین دەكرێت

:: AM:10:50:05/04/2020 ‌
هاوكاتی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا دێت سێكتەری ئابووری بە ئاراستەی تۆماركردنی شكستی گەورەتر روو لە دابەزینە. كۆمەڵەیەكی بەریتانی 10 بەڵگە دەخاتەڕوو كە دەكرێت لەسەر بنەمایان سكاڵا لە دژی چین تۆمار بكرێت و داوای قەرەبووی چوار ترلیۆن دۆلاری لێ بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، بەپێی راپۆرتێكی كۆمەڵەی هێنری جاكسۆن بێت كە رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی ئینگلیزی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانی 430 ملیار دۆلار بەر بەریتانیا كەوتووە، ئەو وڵاتەش داوای قەرەبووكردنەوەی زیانەكە لە چین دەكات.

بەپێی راپۆرتەكە بێت، ئەوا كۆمەڵەی وڵاتانی پیشەسازیی گەورە كە خۆیان لە حەوت وڵات دەبیننەوە، ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فڕەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن و كەنەدا، سێكتەری ئابووری ئەو وڵاتانە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سێ ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە.

كۆمەڵەی هێنری جاكسۆن كە كۆمەڵەیەكی هزری بەریتانییە بۆ سیاسەتی دەرەوە، راپۆرتەكەی لەژێر ناوی "قەرەبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا" بڵاو كردووەتەوە، تێیدا چین تۆمەتبار كراوە بەوەی وەك پێویست زانیاری لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە وڵاتەكەی نەداوە، ئەمەیش هۆكار بووە لە گواستنەوەی پەتاكە بۆ زۆرینەی وڵاتانی دنیا و دەڵێ، پێویستە چین وەڵامی یاسایی بداتەوە و راستییەكان چیتر نەشارێتەوە.

كۆمەڵەی وڵاتانی پیشەسازیی گەورە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سێ ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار زیانيان بەركەوتووە


هەر لە راپۆرتەكەدا باس لە بڕیارە هەڵەكانی حكوومەتی بەریتانیا دەكات كە لەسەر بنەمای زانیارییە هەڵەكانی حكوومەتی چین و رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەری كردووە، لەوانە رەت نەكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە نێوان لەندەن و شاری ووهان.
 
لەو راپۆرتەدا بەڵگەی ئەوەیش لەسەر چین بڵاو كراوەتەوە كە ئەو وڵاتە پەیماننامەی چاودێری تەندروستی جیهانی پێشێل كردووە و زانیاری و راستییەكانی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا شاردووەتەوە، دەڵێ 10 رێكاری یاسایی هەیە كە وڵاتانی دنیا دەتوانن لە دژی چین بیگرنەبەر و داوای قەرەبوو بكەن. دووپات لەوەش كراوەتەوە كە چین بەرپرسی یەكەمە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەگەر وڵاتانی دنیا سكاڵای یاسایی لە دژ تۆمار بكەن، ئەوا دەبێت چین بە ترلیۆن دۆلار قەرەبووی حكوومەتەكانی دنیا بكاتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق