"44 ملیۆن دۆلار كۆمەك بۆ عێراق كۆ كراوەتەوە و پشكی كوردستانیشی تێدایە"

:: PM:12:34:05/04/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی تا دێت ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر بڵاو دەبێتەوە، پەرلەمانتارێكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق هۆكارەكەی بۆ درەنگ گرتنەبەری رێكارەكان و گرتنی سنوور لەگەڵ ئێران دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە، مەترسییەكە بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی مەرجەعی شیعە فەتوای قەدەغەی هاتوچۆ دەرنەكات. 
دکتۆر دالیا فەرهاد سلیڤانەیی كە ئەندامی شانەی تەنگژەیە، لەم دیمانە تایبەتە لەگەڵ "وشە" باس لە كۆمەكی وڵاتانی دنیا بە عێراق دەكات و دەڵێ، تا ئێستە زیاتر لە 44 ملیۆن دۆلار كۆ كراوەتەوە و پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.

وەك دكتۆرێك و پەرلەمانتارێكی لیژنەی تەندروستی و ئەندامی شانەی تەنگژە، هۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق بۆچی دەگەڕێتەوە؟
وەك دەزانن هۆكاری سەرەكی درەنگ گرتنەبەری رێكارەكان بوو بەتایبەت داخستنی سنوور لەگەڵ ئێران، ئەوە لای هەمووان ئاشكرایە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێرانەوە بۆ عێراق گوازرایەوە. 
دوای بڵاوبوونەوەی شانەی تەنگژە پێكهێنرا كە تەواوی پەرلەمانتارانی لیژنەی تەندروستی و پەرلەمانتارانی لیژنە پێوەندارەكانی وەك ئاسایش و ناوخۆ و بەرگری، دەرەوە، پلاندانان و مافەكانی مرۆڤ تێیدا ئەندامن كە 24 ئەندامن و كاری ئەو لیژنە پەرلەمانییە چاودێری شانەی تەنگژەی حكوومەتی عێراقە تا رێكارەكانی رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە خێرایی جێبەجێ بكات. تەنانەت چالاكی لیژنە پەرلەمانییەكە زۆر زیاترە لە چالاكی لیژنەكەی حكوومەت و كاریش لەسەر ئەوە دەكەین چی بۆ خەڵكی بەسڕە بێتە كردن، بۆ دانیشتووانی زاخۆش بێتە كردن.

٤٤ ملیار دۆلار کۆمەک بۆ عێراق هاتووە و کوردستانیش پشکی هەیە


تا ئێستە چیتان كردووە بۆ زیاتر بڵاو نەبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا؟
ئەوەی راستی بێت عێراق زۆر دەرنگ سنوورەكانی لەگەڵ ئێران داخست، بەڵام هەرێمی كوردستان زووتر رێكاری گرتەبەر و ئەمەیش هۆكاری سەرەكییە كە دۆخی هەرێمی كوردستان زۆر زۆر باشترە لە پارێزگاكانی تری عێراق. حكوومەتی عێراق درەنگ لەوە تێگەیشت كە پێویستە سنوور لەگەڵ ئێران دابخرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە پێوەندی و هاتوچۆ لە نێوان دانیشتووانی پارێزگاكانی باشوور بەتایبەت ئەوانەی هاوسنوورن لەگەڵ ئێران زۆر زیاترە، هەیە بە مانگ لە ئێران ماوەتەوە، بۆیە بۆ حكوومەتی عێراق كەمێك ئەستەم بوو سنوور بگرێت، بەڵام پاش ئەوەی لیژنە پەرلەمانییەكە دەستبەكار بوو، سنوورەكان گیران، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا وەك پێویست هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان قەدەغە نەكراوە، ئەمەش هۆكارێكی تر بوو لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە نێوان پارێزگاكانی باشووری عێراق، چونكە هێشتا ئەوان لەوە تێنەگەیشتوون كە ڤایرۆسی كۆرۆنا جیاوازی ناكات لە نێوان رەنگەكان و شوێنەكان، ئەوان تا ئەمدواییەش باوەڕیان وابوو شوێنە پیرۆزەكانی شیعە پارێزراون و ڤایرۆسەكە ناچێتە ئەو شوێنانە.

هێشتا مەرجەعیەت باوەڕی نەهاتووە دۆخەکە پێویستی بە فەتوای قەدەغەی هاتوچۆ هەیە


مەبەستتە بڵێی سەرەتا لە ڤایرۆسەكە تێ نەگەیشتن، ئەی ئێستە؟
باوەڕی هەندێكیان وایە كە شوێنە پیرۆزەكان ڤایرۆسەكە ناگرێتەوە، جیاوازی ئاستی رۆشنبیری تەندروستی نێوان خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئەوان، جیاوازییەكی گەلێك زۆرە، ئەوان باوەڕیان وابوو كە بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا سەردەكەون و ڤایرۆسەكە پێیان ناوێرێت.

وەك دەزانین مەرجەعەكانی شیعە بەتایبەت سیستانی، رۆڵی گەورەی لەسەر رای گشتی شیعەی عێراق هەیە، هۆكار چییە هێشتا هاوشێوەی شەڕی دژ بە داعش هیچ فەتوایەكیان دەرنەكردووە تا خەڵك لە ماڵ بمێنێتەوە؟
نەك هەر فەتوایان دەرنەكردووە، بەڵكو وەك دەزانن سەرەتا باوەڕیان وابوو كە شوێنە پیرۆزەكانی شیعە ڤایرۆسەكە ناگرێتەوە و لەوێ پارێزراو دەبن، ئێستەش كە تێگەیشتوون ڤایرۆسەكە هەموو شوێنێك دەگرێتەوە كەمێك تێگەیشتوون، بەڵام هێشتا فەتوایان دەرنەكردووە و هێشتا سەردانی شوێن و مەزارگە پیرۆزەكانی شیعە بەردەوامە و بازاڕەكانیش كراوەن، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانرێت كۆنتڕۆڵی بازاڕ و مەزارگە پیرۆزەكان بكرێت، تێگەیشتنیان بۆ ئەو پرسە زۆر ئەستەمە و تێگەیشتنیان بۆ رۆشنبیری تەندروستی زۆر خراپە و تەنانەت خۆیشیان پاك و خاوێن نین، جیاوازییەكی زۆر گەورە لەنێوان ئەوان كۆمەڵگەی كوردی هەیە.

هەوڵەكان لەگەڵ مەرجەعە شیعەكانی عێراق گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی فەتوای قەدەغەی هاتوچۆ دەربكەن؟
لە شانەی تەنگژە پەرلەمانتاری شیعە هەیە، ئەوان باشتر دەتوانن باوەڕ بە مەرجەعەكان بهێنن كە پێویستە وەها فەتوایەك بدەن، بەڵام ناتوانین گوشار بكەین، دەبێت خۆیان باوەڕ بهێنن كە فەتوایەكە دەربكەن. وەك شانەی تەنگژە زیاتر كار لەگەڵ زانكۆكان و ناوەندەكانی تر دەكەین، لە هەوڵی دابینكردنی نەخۆشخانەداین، دەرمان و پێویستی پزیشكی وەك پێویست نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەشەنە نەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێستە هەردوو زانكۆی بەسرە و دیوانییە و پارێزگاكانی تر لە هەوڵی ئامادەكردنی دەرمانن، چونكە نەخۆشخانەكانی عێراق توانای گرتنە خۆی ژمارەیەكی زۆری نەخۆشی نییە.

پێوەندی نێوان كوردستان و بەغدا لەم پرسە چۆنە بەتایبەت كە عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی كۆمەك دەكرێت؟
پێوەندییەكی باش هەیە، ئەمە پرسێكی سیاسیی نییە بەڵكو مرۆیی و تەندروستییە، ئێمە لە شانەی تەنگژە دەزانین چەند كۆمەك پێشكەشی عێراق دەكرێت، من و پەرلەمانتارە كوردەكانی لیژنەكە خۆمان وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان حیساب دەكەین، تا كۆتایی هەفتەی رابردوو 44 ملیۆن دۆلار كۆمەك پێشكەش بە عێراق كراوە و لەمەشدا پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، ئەمە جیاوازە لەو كۆمەكەی چین راستەوخۆ پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كرد.

جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لە رۆشنبیری تەندروستی لەنێوان خەڵکی کوردستان و عێراق


لەمەدا پشكی كوردستان چەندە؟
دابەشكردنەكە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان دەبێت و پشكی هەرێمی كوردستانیش رەوانەی سەر هەژماری بانكی هەولێر دەكرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە كەی پارەكە دەگاتە دەستی هەرێمی كوردستان.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ، دوو هەفتەی كۆتایی ئەم مانگە، ژمارەی تووشبووان زۆر زیاتر دەبێت، نەخشەی كۆرۆنا لە عێراق بەكوێ دەگات؟
ئێمە ئێستە لەناو ئەو دوو هەفتەیەداین، ئەو دوو هەفتەیە چاودێری چڕی زۆربوونی ژمارەكان دەكرێت و دەمانەوێت بزانین ژمارەكە چۆن بەرەو هەڵكشان دەچێت، بەجێبەجێكردنی رێكارەكان دۆخەكە چی لێ دێت. ئەگەر دەركەوت ژمارەكە هێشتا لە هەڵكشاندایە و كۆنتڕۆڵ ناكرێت، ئەوا ماوەی كەرەنتین پێویستە هێشتا درێژ بكرێتەوە، چونكە بەرزبوونەوەی ژمارەكە نیشانەی بوونی تووشبووان دەگەیەنێت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئامانجیش لە كەرەنتین كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبووانە، ئەگەر ژمارەكە كەمیش ببێتەوە، پێویست دەكات قەدەغەی هاتوچۆ هەر درێژ بكرێتەوە، چونكە ئاماژەیە بۆ سەركەوتنی پلانەكە و كۆنتڕۆڵكردنی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكە.


وشە - فه‌رمان سادق