وەزیری تەندروستی: ئەگەر پێویست بکات گەڕەکی کارێزان کەرەنتین دەکەین

:: PM:12:35:05/04/2020 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو كەسانەی گرتەی ڤیدیۆ بڵاو دەكەنەوە بە هەواڵی ناڕاست، دەدرێنە دادگا.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە لە هەرێمی کوردستان 233 تووشبوو هەیە.

وەزیری تەندروستی گوتی، لە گەڕەكی كارێزان پرسەیەكی تریش هەبووە، بۆ ئەویش داواكارین ئەوانەی سەردانیان كردووە، پێوەندی بە 122 بكەن بۆ ئەوەی پشكنینیان بۆ بكرێت.

وەزارەتی تەندروستی سكاڵا تۆمار دەکەن
چەند كەسێك لە ڕێی گرتەی ڤیدیۆیی خەڵك دەترسێنن گوایە گازی ترسناك بڵاو بووەتەوە، ئەوەش دوورە لە ڕاستی، بۆیە وەزارەتی تەندروستی سكاڵا تۆمار دەکەن.

وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، ئێستە پلانێكی ترمان دەست پێ‌ كردووە لە هەولێر، بەشێك لە نەخۆشەكانمان بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری گواستووتەوە ئەوەیش بەهۆی زۆربوونی تووشبووان.

بەرزنجی ڕوونی كردەوە، پێویستە میدیاكان ئەوەیش بزانن كە ناكرێ هەركەسێك تووشبوو قسە بكات، بڵێت ئێمە سەرچاوەی بڵاوبوونەوە نین و بیكات بە هەواڵ، بەڵكو پێویستە گرنگی بەڕێنوێنییەكان بدەین.

"ئەگەر هاووڵاتییان پابەند نەبن، ترسی بڵاوبوونەوە زیاتر دەبێت، ئەوكاتە دۆخەكە لە ڕێنوێنی دەردەچێت". وەزیری تەندروستی وای گوت.

لە كۆتایی گوتەكانی ئاشكرای كرد، ئەگەر تیمەكانی تەندروستی بەپێی هەڵسەنگاندنی تەندروستی پێیان وابێ كارێزان پێویستی بە كەرەنتینە، ئەوا كەرەنتین دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد