داوا لە بەشدارانی دوو پرسەكەی كارێزان دەكرێت پێوەندی بە تیمەكانی فریاگوزاری بكەن

:: PM:01:15:05/04/2020 ‌
ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشدار لە هەردوو پرسەكەی گەڕەكی كارێزان گەیشتە 32 كەس كە دەكاتە 35%ـی تووشبووانی شاری هەولێر. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر داوا لە بەشدارانی پرسەكە دەكات سەردانی سەنتەری چارەسەری كۆرۆنا بكەن. گوتەبێژی تەندروستی هەولێریش دەڵێ، لە رێی داواكاری گشتی سكاڵا لەسەر كەسوكاری هەدوو خاوەن پرسەكە بەرز دەكەینەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەكات كە سەردانی هەردوو پرسەی خولێخۆشبووان (فەتاح حەمەد ساڵح) و (فاتمە رەحمان حوسێن)یان كردووە كە پرسەكەیان لە رۆژی شەموو 21ـی ئاداری رابردوو بوو لە گەڕەكی كارێزان، بە زووترین كات سەردانی سەنتەری چارەسەری كۆڕۆنا (فریاكەوتنی ناوند) یاخۆ پێوەندی بە تیمەكانی فریاگوزاری (066122) بكەن بەمەبەستی دڵنیابوون بە ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی تایبەت بۆ پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

داواكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە كاتێكدایە بەهۆی بەشداری ژنێكی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری دەوروبەری هەولێر لە پرسەكە، تەندروستی هەولێر دەڵێ، بەهۆیەوە 14 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئێستەش ژمارەی تووشبووان بۆ ٣٢ کەس بەرز بووەتەوە.

دانانی پرسەكە لەلایەن كەسوكاری هەردوو مردووەكە هاوكاتی قەدەغەی دانانی پرسە كە وەزارەتی ئەوقاف لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دووی ئاداری رابردوو، لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف و ژووری ئۆپراسیۆن، بڕیاریان دا بە ڕاگرتنی ڕێوڕەسمی پرسە بۆ كەمكردنەوەی بەریەككەوتن.

سکاڵا لەسەر خاوەن هەردوو تازیەکە تۆمار کراوە


بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات كە ژمارەی تووشبووان بەهۆی هەردوو پرسەكە گەیشتووەتە 32 كەس، ئەم ژمارەیەش دەكاتە 35%ـی كۆی گشتی تووشبووان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.

د. بژار مووسا عەلی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێ، بڕیار دراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر، لەڕێی داواكاری گشتی، ڕێككاری یاسای بەرانبەر هەردوو بنەماڵەی ئاماژەپێكراو بگرینەبەر.



وشە - فه‌رمان سادق