رەوتی حیكمە: دڵنیاین حكوومەتەكەی زورفی متمانەی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت

:: PM:02:31:05/04/2020 ‌
پاش ئەوەی سیڤی وەزیرەكانیشی بۆ پەرلەمان نارد، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ عەدنان زورفی داوا لە پەرلەمان بكات رۆژی كۆبوونەوەی متمانەدان بە حكووتەكەی دەستنیشان بكات. پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی رەوتی حیكمە دەڵێ، 170 پەرلەمانتاری لیستە جیاوازەكان پشتگیری لە زورفی دەكەن و دڵنیایی لە سەركەوتنی حكوومەتەكەیشی راگەیاند لە بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانتاران.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی رەوتی حیكمە رای گەیاند، دڵنیاین حكوومەتەكەی عەدنان زورفی متمانەی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت.

عەلی بدێری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی رەوتی حیكمە ئاشكرای كرد كە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو پشتگیری 170 پەرلەمانتاری هەیە و ئەو ژمارەیەش بەسە بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان.

رەتی حیکمە؛ دڵنیاین لە سەرکەوتنی حکوومەتەکەی زورفی لە پەرلەمان


قسەكەی بدێری لە كاتێكدایە زورفی دوێنێ شەموو كارنامەی حكوومەتەكەی ئاشكرا كرد و هەر ئەمڕۆش یەكشەم سیڤی وەزیرەكانی بڵاو كردەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە هەر ئەمڕۆ یەكشەم، زورفی داوا لە پەرلەمان دەكات رۆژی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی دەستنیشان بكات.

زیاتر گوتی "زورفی نزیكەی 170 واژووی پەرلەمانتارانی لیستە جیاوازەكانی پەرلەمانی هەیە، دڵنیاین لەوەی كە پەرلەمان متمانە بە حكوومەتەكەی زورفی دەدات لە كاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی متمانە بە حكوومەت".

 دڵنیایی بەشێك لەلایەنە شیعەكان لە كاتێكدایە هێشتا هەندێك هێزی زۆر بەهێزی ناوماڵی شیعە دژی زورفین، لەوانە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی.
 



وشە - فه‌رمان سادق