کۆمەڵگەی سێبیران بە تەواوی خاوێن کرایەوە

:: PM:03:52:05/04/2020 ‌
بەرپرسانی سێبیران ئاشكرای دەكەن كە ئێستە كۆمەڵگەی سێبیران بە تەواوەتی پاك بووەتەوە و كە 15 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای تێدا تۆمار كرابوو.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، تۆڵە مەهدی خۆشناو بەڕێوەبەری شارەدێی كانی قڕژاڵە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە كۆمەڵگەی سێبیران پاك بووەتەوە و سوپاسی خەڵكی سێبیران دەكەین كە ئەم ماوەیە پشوودرێژ بوون لە جێبەجێكردنی بڕیارەكان.

ڕوونی كردەوە، كۆمەڵگەی سێبیران ئێستە سەلامەتە و ئەوەیش بە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكانە، هەروەها هێزە تەناهییەكانیش كە پۆلیسی گومرك بوون، ئەركی كەرەنتینكردنیان پێ هاتبووە سپاردن و بەباشی جێبەجێیان كرد.

سێبیران یەكێكە لە شوێنە هەرە خاوێنەكان كە هیچ حاڵەتێكی تری تێدا نییە
سەركەوت كاڕەش بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانی هەولێر لەو كۆنگرەیە ڕای گەیاند، دوای ئەو ماوەیە ئێستە سێبیران یەكێكە لە شوێنە هەرە خاوێنەكان كە هیچ حاڵەتێكی تری تێدا نییە.

ئەو بەرپرسەی بەرگریی شاستانی گوتی، لەسەر بڕیاری پارێزگاری هەولێر بە 20 ئۆتۆمبێل كە بەرگری شارستانی دەستمان كرد بەڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس، ئومێد دەكەین هاووڵاتییان بەردەوام بن لە پابەندبوون بە ڕێنوێنییەكان.

دوای تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر كەرەنتینكردنی تەواوەتی كۆمەڵگای سێبیران، ئەمڕۆ كۆتایی بەكەرەنتینكردنی هێنرا كە 15 حاڵەتی تێدا تۆمار كرا.




وشە - رامیار جەواد