ئینتفاز قەنبەر: ئەمەریكا رژدە و گورزێكی سەربازی لە میلیشیاكان دەوەشێنێت

:: PM:04:25:05/04/2020 ‌

سیاسەتوانێكی عێراقی نزیك لە واشنتن، هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رژد وەسف دەكات و دووپاتی دەكاتەوە، راستە جەنگی دەروونی هەیە، بەڵام هەڕەشەكانی دوایی سەرۆكی ئەمەریكا، بە روونی رووی لە ئێران و میلیشیاكانی كرد كە باجی هەر هێرشێك دەدەنەوە، بۆیە ئاماژەكان بەو ئاراستەن كە ئامادەسازی بۆ گورزێكی سەربازی ئەمەریكی دەكرێت.
ئەمەریكا ئەو شوێنانە چۆڵ كرد كە ئامانجی ئاسانن بۆ هێرشكردن
ئینتفاز قەنبەر، سەرۆكی حزبی موستەقبەلی دەستووری ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بەمدواییە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتەیە، بە روونی لە تویتێك رای گەیاند كە بەردەوامبوونی ئێران لە كوشتنی ئەمەریكییەكان، دەبێتە هۆی سزادانی لە رووی سەربازییەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە ئەو جموجۆڵ و ئامادەسازییە سەربازیانەی لە عێراق و لە ناوچەكە هەیە، لێرەیش لە واشنتن ئاماژەكان كە دزە دەكەن، بەو ئاراستەیەن كە ئامادەسازی بۆ گورزێكی سەربازی ئەمەریكی دەكرێت، ئەوەی كردیان دووركەوتنەوە بوو لەو شوێنانەی ئامانجی ئاسانن بۆ میلیشیاكان، كە زانیاریان لەبارەی ئەو شوێنانەی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان هەیە.

قەنبەر روونی كردەوە، بۆیە ئەو هەڕەشەی ئەمەریكا رژدە، رەنگە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاری كردبێتە سەر دواخستنی گورزەكە، بەڵام پێم وا نییە ئەوەندەیش كاریگەر بێت، چونكە ئەمەریكا وڵاتێكی زۆر گەورەیە و تەنیا بودجەی پنتاگۆن، بەقەدەر بودجەی 5-6 وڵاتە، بۆیە كاریگەریی كۆرۆنا كەم دەبێت، بەڵام ئەوان شێوازی كاركردنیان جیاوازە و هەناسەیەكی درێژی كاركردن و ئامادەسازیان هەیە، ئەوان زیاتر گرنگی بە پاراساتنی گیانی سەربازانیان دەدەن، ئەگەر ئەوە تۆكمە نەكەن، ئۆپراسیۆن ئەنجام نادەن، دواتر ئەوان لەسەرخۆن لە ئامادەسازی، بەڵام گورزەكانیان یەكلاكەرەوەیە.

شایەنی باسە بەم دواییە، جیا لە جموجۆڵەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كە چەند سەربازگەیەكیان چۆڵ كرد و رادەستی حكوومەتی عێراقیان كردەوە و چەند یەكەیەكی بەرگری ئاسمانی مووشەكی پاتریۆتیان هێنایە عێراق، هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بە توندی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر كردنەئامانجێكی هاووڵاتییانی ئەمەریكیان لە عێراق كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل