له‌ هه‌ولێر پلانێكی‌ تر جێبه‌جێ‌ ده‌كرێ

:: PM:05:58:05/04/2020 ‌
سەنتەری هاوئاهەنگیی فریاكەتنی هەولێر، جێبەجێكردنی پلانی "C"ی راگەیاند و "وشە" بەدواداچوون لەسەر پلانەكە دەكات كە ئامادەكردنی نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێرە.
 
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، سەنتەری هاوئاهەنگی فریاكەتنی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا رای گەیاند، لە ئەنجامی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان ئەمڕۆ پلانی  "C" جێبەجێ كرا كە نەخۆشخانەی رزگاری بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادە كرا.

ئەوە دوا پلانی تەندروستی نییە بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا
"وشە" بەدواداچوونی بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پلانە كردوو دەركەوتووە كە ئەوە دوا پلانی تەندروستی نییە بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵكو ئامادەكاری نەخۆشخانەی رزگارییە تا لە هەموو حاڵەتێكدا شوێنی تووشبووانی كۆرۆنا وەك پێویست هەبێت.

هەروەها جێبەجێكردنی ئەو پلانە پێوەندی بە بەرزبوونەوەی ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا هەیە كە تا ئێستە 232 حاڵەت تۆمار كراوە و 85 لەوانە چاكبوونەتەوە.

هەموو ئامادەكارییەك لە نەخۆشخانەی رزگاری بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەكرێ‌، لەكاتێكدایە هێشتا شوێنی زۆریش لەناوەندەكانی تری چارەسەری كۆرۆنا لە هەولێر و سلێمانی ماون.

جێبەجێكردنی ئەو پلانە هاوشێوەی ئامادەكارییە پێشوەختەكانی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا كردبووی، چونكە وەك وەزیری تەندروستی دوێنی ئاماژەی بۆ كرد ئەگەر ئامادەكارییە پێشوەختەكان نەكرابوایەن ئێستە تەنیا ژماردنی ئامارەكانمان بۆ دەمایەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم