دوای ئەو كارەساتەی تووشی ئابووری چین هاتەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كە ئێستە كاریگەرییەكانی تەندروستی و ئابووری گەیشتووەتە تەواوی وڵاتانی دنیا، ئەو وڵاتە لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخە ئابوورییەكەیەتی، ماڵپەڕێكی ئابووری ئاماژە دەكات، چین دوور لە چاودێریی ئەمەریكا، لە هەوڵی سازكردنی گرێبەستێكی درێژخایەنی نەوتە لەگەڵ عێراق.
سوود لە سەرقاڵبوونی ئەمەریكا بە كۆرۆنا دەبینێت
لە ماوەی رابردوو شی جین بینگ، سەرۆكی چین سەردانی شاری ووهانی چینی كرد، لەو ساتەوە ئابووری پیشەسازی لە سەرانسەری چین دەستی بە كاركردن كردەوە، وەك ماڵپەڕی
"ئۆیڵ پرایز" لە وتارێكدا ئەوەی بڵاو كردەوە، لە بواری نەوتیش، كۆمپانیاكانی نەوتی ئەو وڵاتە دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە، بەتایبەتی لە بارەی پشكنین و دۆزینەوەی یەدەگی نەوت و هیتریش لە دنیا.
هەفتەی رابردوو چین گرێبەستێكی ئەندازیاری بە بەهای 203.5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی لە كیڵگەی مەجنوونی نەوتی لە بەسڕە، بەخشییە كۆمپانیای ئەندازیاری نەوت و بنیاتنانی چیسنی "CPECC"، ماڵپەڕەكە دووپاتی كردەوە، كە چین كێبەركێی كات دەكات بۆ تەواوكردنی گرێبەستێكی نەوتی تا هەتایە لەگەڵ عێراق، ئەوەیش لە سایەی سەرقاڵبوونی ئەمەریكا بە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كە بوارەكەی بۆ چۆڵ بووە.
ئەوەیش مانای ئەوەیە كە چین لە هەوڵەكانی بۆ دەستگرتن بەسەر هەلەكانی پەرەسەندن بە كیڵگە نەوتی و گازییەكان لە ناوچە زۆر هەستیارەكان لە رووی جیۆسیاسی وەك عێراق بەردەوامە، لە رێگەی سازكردنی گرێبەستی كاركردن لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك كە لە دەرەوەی چاودێریی ئەمەریكا كار دەكەن، وەك ئەو كۆمپانیا چینییەی سەرەوە، مەرجەكانی گرێبەستەكەیش بۆ ماوەی 25 ساڵە و دوای دوو ساڵ لە واژووكردنی، دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.