وەزیری گواستنەوەی هەرێم: هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكان تۆمار نەكراوە

:: PM:08:10:05/04/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا كاری كردووەتە سەر تەواوی وڵاتانی دنیا، بەڵام هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی دەستپیشخەری كرد و چەندان رێوشوێنی توندی گرتە بەر، وەزیری گواستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات، هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم تۆمار نەكراوە، هاوكات  جموجۆڵی بازرگانیش بەردەوامە.
هەولێر و بەغدا بڕیار لەسەر ئاساییبوونەوەی گەشتكردن دەدەن
ئانۆ عەبدۆكا، وەزیری گواستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم بۆ "وشە" گوتی، دەنگۆیەك هەبوو كە حاڵەتێكی گوماناوی نەخۆشی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەی هەولێر هەیە، بۆیە پشكنین بۆ كارمەندەكان كرا و دەركەوت نەخۆشی كۆرۆنا نەبووە و ئەنجامەكان نێگەتیڤ بوون.

زیاتر گوتی، هاوكات جموجۆڵی بازرگانی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەردەوامن، بەڵام تەنیا بۆ هاتوچۆ و كاری دیبلۆماسی و هاوپەیمانان و گەشتەكانی فریاگوزارین، ئاشكرای كرد، تا ئەم دۆخە تەواو دەبێت و حكوومەتی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقی بڕیار دەدات، قەدەغەی هاتوچۆی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ گەشتیاران بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە كاروان رەزا، بەڕێوبەری پێوەندییەكانی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، گوشارێكی زۆر لەسەر هیڵەكانی ئینتەرنێت هەیە، ئەوەیش بەهۆی مانەوەی خەڵكە لە ماڵەوە، ئێستە لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە دهۆك و هەولێر، هیڵەكانی فاست لینك و نەورۆز فۆرجی هەن كە بەهۆی كەمیی تاوەرەوە هاووڵاتییان رازی نین، بۆیە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی هێڵی ئینتەرنێت خاو بێت و چەندینجار هەوڵی چارەسەركردنمان داوە، بەڵام سوودی نەبووە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل