شارەزایەكی ئەمەریكی: هیوایەك هەیە و لە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی بەردەوام بن

:: PM:09:07:05/04/2020 ‌

بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی بۆ هەستەوەری و نەخۆشییە پەتاكان لە ئەمەریكا، وریایی لە بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە وەرزی دا و دووپاتی لە پەلەكردن بۆ دۆزینەوەی پێكوتەیەك لە دژی پەتاكە كردەوە، تا ئەو ساتەیش رێنوێنی بەردەوامبوون لە پێڕەوكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی كردەوە.
ئەگەر هەیە ڤایرۆسەكە لە دوو هەفتەی داهاتوو پاشەكشە بكات
ئەنتۆنی فاوچی، ئەمڕۆ یەكشەم لە دیدارێكی تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس"ی ئەمەریكی گوتی، ئەگەر دنیا كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكات، هەلێكی زۆر هەیە بە هۆكاری سروشتەوە و بەمنزیكانە ببێتە ڤایرۆسێكی وەرزی، من ئەوە ناخوازم، بەڵام پێویستە ئامادە بین بۆ ئەوە، روونی كردەوە، چارەسەر دۆزینەوەی پێكوتەیەكی دژ بەو ڤایرۆسەیە بە خێرایی.  

لەبارەی زۆریی ژمارەی تووشبووان و قوربانیان لە ئەمەریكا، ئەو شارەزایە گوتی، ناڵێم هەموو شت لەژێر كۆنترۆڵدایە، ئێمە تا ئێستەیش رووبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبینەوە و هەوڵی زاڵبوون بەسەری دەدەین، روونی كردەوە، سەبارەت بە تێكڕای تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە ئەمەریكا، هەفتەیەكی خراپ چاوەڕێمان دەكات ، بەڵام هیوادارین كێرڤی تووشبوون روو لە پاشەكشە بكات.

فاوچی ئاماژەی كرد، پێویستە خۆمان بۆ خراپتر ئامادە بكەین، ئەوە بۆ هەندێك كەس شۆك دروست دەكات و زۆر بێزاركەرە، بەڵام پێش چاكبوونی دۆخەكە، ئەوە روو دەدات، بۆیە رێنوێنی من ئەوەیە لە پێڕەوكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی بەردەوام بن، ئەگەرچی ترووسكاییەكی هیوا لە نیویۆرك بەدی دەكرێت، كاتێك ژمارەی قوربانیان روو لە دابەزینە. 

ئەو شارەزایە ناودارە ئەمەریكییە روونی كردەوە، زۆر گرنگە ئامارەكان روو لە داكشان بكەن، چونكە مانای وایە لە كۆتاییەكەی هیچ ئامارێك نامێنێت، بابەتەكە بە كەمبوونەوەی تووشبووان دەست پێ دەكات و ئەوانەیشی پێویستیان بە نەخۆشخانە و چاودێری چڕە كەم دەبنەوە و مردنیش كەم دەبێتەوە، ئەگەر هەیە ئەوە لە ماوەی دوو هەفتە یان زیاتری داهاتوو رووبدات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل