"وشە" زانیاریی نوێ‌ لەسەر دروستكردنی كارگەی دەمامك لە هەولێر بڵاو دەكاتەوە

:: PM:09:57:05/04/2020 ‌
جێگری پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، هەموو رێكارێك بۆ كردنەوەی كارگەی دەمامك لە هەولێر تەواو كراوە و كارگەكە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە دەكرێتەوە.

كارگەكە هیچ پێوەندییەكی بە حكوومەتەوە نییە
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ "وشە" گوتی، كۆمپانیایەكی پزیشكی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنان و دروستكردنی دەمامك (ماسك) لە سەرئاستی عێراق و ناوچەكە بە كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی لە هەولێر دەكاتەوە.                                                                   

روونیشی كردەوە كە كارگەكە هیچ پێوەندییەكی بە حكوومەتەوە نییە و وەك هەر كارگەیەكی تر ئەهلییە.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، لەو قۆناغەدا هەموو بەرهەمەكانی لە كوردستان دەفرۆشێت و هیچ هەناردەیەكی بۆ دەرەوە نابێ‌.

پێشتر پارێزگای هەولێر بڵاوی كردبووەوە كە ئەم كارگەیە لەماوەی مانگێكدا لەتوانایدا هەیە زیاتر لە (10) ملیۆن دەمامك دروست بكات و بەرهەمبهێنێ، جگە لە دروستكردن و بەرهەمهێنانی دەماك (جلوبەرگ و سێتی نەشتەرگەری دسپۆزەبڵ)ی پزیشكیش دروست دەكات و بە یەكێك لە گەوەرەترین كارگەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە هەژماردەكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم