كیسنجه‌ر...جیهانی دوای كۆرۆنا سه‌رده‌مێكی نوێ و جیاواز ده‌بێت

:: AM:01:19:06/04/2020 ‌
هينری كیسنجه‌ر وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ وتارێكی له‌ ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرنالی ئه‌مه‌ریكی باس له‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگه‌ریییه‌كانی بۆ سیسته‌می جیهانی ده‌كات و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ سیسته‌می سیاسی و ئابووری جیهان بۆ هه‌میشه‌ ده‌گۆڕێت.

كيسنجه‌ر له‌ بابه‌ته‌كه‌ی ده‌ڵێ، ئه‌و زیانانه‌ی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌دات كاتین، ژماره‌ی قوربانیانیش زۆر گه‌وره‌ و فره‌وان نابێت، به‌ڵام له‌ ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ جیهان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گۆڕانكاری هێنده‌ گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ، كه‌ نه‌وه‌كانی داهاتوویش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، واته‌ كاریگه‌رییه‌كانی زۆر دوورمه‌ودا ده‌بن.

ئه‌و ده‌ڵێ، ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته‌ ده‌یبینم، هه‌مان ئه‌و ڕۆژانه‌م بیر دێنێته‌وه‌ كاتێك سه‌رباز بووم له‌ فیرقه‌یه‌كی پیاده‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی 1944 و كۆتایییه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهان، ئه‌وكاتیش دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوو، هه‌مووان هه‌ستیان به‌ ترس ده‌كرد و كه‌س نه‌یده‌زانی چی به‌سه‌ر دێ، چونكه‌ گولـله‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و وێرانكه‌ر له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌باری.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وام ده‌زانی كه‌ ئیتر له‌و ڕۆژه‌ سات دوای سات دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌مان ساته‌كانم دێنێته‌وه‌ یاد، ئه‌وكات ئه‌مه‌ریكییه‌كان دابه‌شبوونی سیاسی زۆر له‌ نێوانیان هه‌بوو، هه‌مووان له‌ ژێر ئامانجێكی نیشتمانی باڵا كۆك نه‌بوون، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان گه‌لێكی به‌هێزی سه‌ر زه‌وین، حكوومه‌ت و ئابووری ئه‌مه‌ریكا به‌هێزترینی دنیایه‌ و دڵنیام ده‌توانن ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێن و جیهانیش له‌ داهاتوویه‌كی نزیك له‌ ده‌ست ئه‌و كاره‌ساته‌ و په‌تایه‌ ڕزگاری ده‌بێت.

ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی جیهان به‌یه‌ك تیم ڕووبه‌ڕووی كۆرۆنا ببنه‌وه‌ و به‌ جیاوازی هه‌نگاونان چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌كه‌ ناكات
له‌ به‌شێكی تری وتاره‌كه‌ كیسنجه‌ر ده‌ڵێ، سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان خه‌ریكی هاوسۆزین له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و زیاتر بیر له‌ چاره‌سه‌ری په‌تاكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، هاوسۆزی و هه‌وڵه‌كانیشیان له‌سه‌ر ئاستی سنووری جیوگرافی وڵاته‌كانیانه‌، ئه‌مه‌یش گرفتێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ سنووره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕژده‌ بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌وڵه‌كان یه‌ك بخرێن و جیهان به‌ یه‌كگرتووی ڕووبه‌ڕووی ڤایرۆسه‌كه‌ ببێته‌وه‌.

پێویسته‌ وڵاتان له‌وه‌ دڵنیا بن، كه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ر گۆی زه‌وی به‌ ته‌نیا ناتوانێ كۆرۆنا له‌ناو ببات، ئه‌مه‌ هاوئاهه‌نگی و یه‌ك تیمی ده‌وێ، بێگومانم كه‌ ئه‌مه‌ریكایش به‌ ته‌نیا ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی په‌تاكه‌ ببێته‌وه‌ و پێویستی به‌ هاوكاری ئه‌وانی تره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ی وڵاتانی دنیا له‌ هه‌ماهه‌نگی و گفتوگۆی به‌رده‌وامدا بن و دوو پرسیش بكه‌نه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆیان، یه‌كه‌میان مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌ و كۆمه‌كی یه‌كتره‌ له‌ ڕووی كه‌لوپه‌لی پزیشكییه‌وه‌، دووه‌میش خۆئاماده‌كردنه‌ بۆ سه‌رده‌می دوای كۆرۆنا، ئه‌مه‌ پێویسته‌ له‌ ئێسته‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ بهاوێژرێ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی زیانه‌كان كه‌متر بكرێته‌وه‌.

یه‌كێك له‌و كۆڵه‌گه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی جیهانی دوای كۆرۆنا ده‌بێ ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌كی زۆر مه‌زنی جیهانی بێ، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌ گوێزراوه‌كان به‌ گشتی و ڤایرۆسییه‌كان به‌ تایبه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش ده‌بێ ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ئابووری جیهان كه‌وتووه‌ و به‌رده‌وامیشی هه‌یه‌، تا چاره‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، ده‌بێ وڵاتان ڕه‌نگڕێژی و پلانسازی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ و چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ قه‌ره‌بووی زیانه‌ ئابوورییه‌كان بدۆزنه‌وه‌.

جیهانی دوای كۆرۆنا ته‌واو جیاواز ده‌بێ و كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا به‌ سه‌ر نه‌وه‌كانی داهاتوویش ده‌مێنێته‌وه‌
كیسنجه‌ر ڕوو له‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان ده‌كات و ده‌ڵێ، ساتێكی مێژوویی له‌به‌رده‌م هه‌موواندایه‌، بۆیه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی مرۆڤایه‌تی خۆتان هه‌ستن و هه‌مووان له‌و په‌تایه‌ ڕزگار بكه‌ن و كاریگه‌ری و زیانه‌ گه‌وره‌كانی كه‌رتی ئابووری كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، پێویسته‌ دوای كۆرۆنا، سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی جیهانی بۆ ته‌نگژه‌ و كاره‌ساته‌ جیهانییه‌كان دروست بكرێ و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی و بودجه‌یان بۆ ته‌رخان بكرێ و سندووقی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵگرتنی بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ كاره‌ساته‌كانی هاوشێوه‌ی كۆرۆنا له‌ داهاتوو دابنرێ، تا به‌مشێوه‌یه‌ بتوانن داهاتووی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و ئارامی و ئاسایشی ته‌واو و دڵنیاكه‌ره‌وه‌ ببه‌ن، ئه‌و دۆخه‌یش جیهانی ئێسته‌مان كۆتایی پێ ده‌هێنێت و بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی لێ ده‌كه‌ین و ده‌بێت به‌ به‌شێك له‌ مێژوو و ده‌چینه‌ سه‌رده‌م و جیهانێكی تر كه‌ به‌ ته‌واوی جیاواز ده‌بێ له‌وه‌ی ئێسته‌ و مرۆڤ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی دێ و حكوومه‌ته‌كانیش گرنگی زیاتر به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و زانست و ته‌كنه‌لۆجیا ده‌ده‌ن، هه‌مووان ده‌ست به‌ ئاماده‌كاری بۆ په‌تا و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ داهاتوو ڕووبه‌ڕووی مرۆڤایه‌تی ده‌بێته‌وه‌.

هینری ئه‌لفرێد كیسنجه‌ر جووێكی ئه‌ڵمانی كۆچكردووی ئه‌مه‌ریكایه‌ و له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ریچارد نیكسۆن و جیرالد فۆرد له‌ ساڵی 1969 و 1973 ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و دووه‌مجاریش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه‌، به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگی ڤێتنام و دۆزینه‌وه‌ی ڕێیه‌ك بۆ دانوستاندن، له‌ 1973 خه‌ڵاتی نۆبلی ئاشتی پێ درا و یه‌كێكه‌ له‌ سیاسییه‌ ناوداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له‌سه‌ر هه‌موو ڕووداوێكی گه‌وره‌ی جیهانی، میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ بۆچوونه‌كانی ئه‌و ده‌ڕوانن و به‌ چڕی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د