زانایان: هەفتەی داهاتوو ئەمەریكا 11ـی سێپتێمبەرێكی تر بەخۆیەوە دەبینێت

:: AM:09:42:06/04/2020 ‌
تا دێت ژمارەی قوربانیان لە ئەمەریكا لە بەرزبوونەوەدایە، لە 24 سەعاتی رابردوو زیاتر لە هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە. زانایانی ئەمەریكی كۆكن لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو، هەفتەیەكی قورس دەبێت بۆ ئەمەریكییەكان هاوشێوەی قوربانیانی رووداوی 11ـی سێپتێمبەر.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، گەورە زانایانی ئەمەریكی كە كار لە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن، پێیان وایە هەفتەی داهاتوو، هەفتەیەكی زۆر خراپ و قورس دەبێت بۆ ئەمەریكییەكان، هاوشێوەی 11ـی سێپتێمبەری 2001.

ئەنتۆنی فاوچی گەورە زانای ئەمەریكی لە ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە كەناڵی "سی بی ئێس"ـی ئەمەریكی راگەیاندووە، ناڵێم دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، ئەگەر ئەو قسەیە بكەم، ئەوا قسەیەكی هەڵەیە.

لای خۆیەوە جیرۆم ئادامز پزیشكی نەشتەرگەر و فەرماندەی تەندروستی گشتی ئەمەریکا پێی وایە ئەمەریكا 11ـی سێپتێمبەرێكی تر بەخۆیەوە دەبینێ و دەڵێ، هەفتەی داهاتوو هەفتەیەكی زۆر خەمناك دەبێ لە ژیانی هەموو ئەمەریكییەك.

کۆرۆنا.. 11ـی سێپتێمبەر بەبیر ئەمەریکییەکان دەهێنێتەوە


11ـی سێپتێمبەری 2001، ئەو رۆژەی رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە لە رێگەی چوار فڕۆكەی گەشتیاری هێرشی كردە سەر هەردوو تاوەری بازرگانی لە مانهاتن و پینتاگۆن، فڕۆكەی چوارەم شكستی هێنا لە گەیشتن بە ئامانجەكەی. بەهۆی ئەو كردە تیرۆریستییە خۆكوژییەوە، دوو هەزار و 973 كەس گیانیان لەدەست دا و 24 كەسیش شوێن بزر بوون و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە.

ئادامز بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاندووە، هەفتەیەك دەبێت بە ساتی رووداوەكانی بیرل هاربور دەچێت، بە رووداوەكانی 11ـی سێپتێمبەر دەچێت، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە رووداوەكە لە یەك شوێن نییە، بەڵكو تەواوی ئەمەریكا دەگرێتەوە،. گوتی "پێویستە ئەمەریكییەكان لە گردبوونەوەی كۆمەڵایەتی خۆیان بەدوور بگرن و ماوەی 30 رۆژ لە ماڵەوە بمێننەوە".

قسەی ئادامز لە كاتێكدایە بەگوێرەی ئامارێكی زانكۆی جۆنز هۆبگنز لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا لە ئەمەریكا زیاتر لە هەزار و 200 كەس گیانیان لە دەست داوە، ژمارەی تووشبووانیش بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا گەیشتە 337 هەزار و 72 كەس، لەم ژمارەیەش نۆ هەزار و 633 كەس گیانیان لە دەست داوە.



وشە - فه‌رمان سادق