هۆشداریی تەندروستی بە هاووڵاتییانی هەولێر درا

:: AM:10:01:06/04/2020 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات كە پابەندی ڕێنوێنییەكان نەبن كارەسات ڕوو دەدات.

ئەمرۆ دووشەم شەشی نیسان، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێك ئاشكرای كردووە، ئەگەر ڕێنوێنییە خۆپارێزییە تەندروستییەكان جێبەجێ نەكرێت، چ كارەساتێك دەخوڵقێت.

لە ماوەی دوو رۆژ نزیكەی %35ـی تووشبوو بەهۆی بەشداری لە پرسە تۆمار كراوە ‌
باسی لەوەش كردووە، تا ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر 92 تووشبوو بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە، ئەگەر ئەم داتایە شی بكەینەوە، دەبینین لەو ڕێژەیە %65 لە سەرەتای دەركەوتنی كۆڤید 19 لە ماوەی 29 ڕۆژی ڕابردوو تۆمار كراوە.

ڕوونی كردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژ نزیكەی %35ـی تووشبوو بەهۆی بەشداری لە پرسە تۆمار كراوە، بەهەموو لایەك ڕادەگەیەنین كە تەنیا ڕێچارەی خۆپارێزی دژی ئەم پەتا جیهانییە تەنیا بە پێڕەوكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان دەبێت، چونكە ئەگەر تێكەڵاوی و بەریەككەوتن زیاتر بێت، بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ئاسانتر و فراوانتر دەبێت.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە پرسەكەی هەولێر 32 هاووڵاتی تووشی كۆرۆنا بوون، ئەوەیش وایكرد بەرپرسانی هەولێر سكاڵا تۆمار بكەن لەسەر ئەو خاوەن پرسەیە.



وشە - رامیار جەواد