بەهۆی كۆرۆناوە.. 20 ملیۆن ئەفریقی هەڕەشەی لەدەستدانی كارەكانیان لەسەرە

:: PM:02:23:06/04/2020 ‌
لێكەوتە ئابوورییەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەرۆكی ئابووری وڵاتانی ئەفریقیشی گرتووە. بەپێی توێژینەوەیەكی لێكۆڵەران بێت، 20 ملیۆن كەس كارەكانیان لە دەست دەدەن و ئابووری وڵاتانی ئەفریقیش لە باشترین دۆخ 0.8% پاشەكشە دەكا و وەبەرهێنانی بیانیش تا 15% كەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، یەكێتیی ئەفریقا رای گەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا، لێكەوتە و كاریگەری لەسەر 20 هەزار هاووڵاتی ئەفریقی هەیە كە كارەكانیان لە دەست بدەن.

20 ملیۆن کرێکاری ئەفریقی مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان لەسەر هەیە


بەگوێرەی توێژینەوەیەكی یەكێتی ئەفریقا كە ئەمڕۆ ئەنجامەكەی بڵاو كرایەوە، لێكۆڵەرانی ئابووری ئەفریقی پێیان وایە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئابووری ئەفریقا بەرێژەی (0.8%) پاشەكشە دەكات، ئەمەش باشترین سیناریۆیە لەناو سیناریۆكانی هەن بۆ پاشەكشەی گەشەی ئابووری لەو كیشوەرە، ئاماژە بەوەش دەكەن كە خراپترین سیناریۆ بۆ پاشەكشەی ئابووری لە كیشوەری ئەفریقا دەگاتە رێژەی (1.1%).

هەر بەگوێرەی توێژینەوەكە بێت، ئەوا وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتانی ئەفریقی تا 15% پاشەكشە دەكات، هاوكات لێكەوتە ئابوورییەكانی پەتای كۆرۆنا بەسەر كرێكارانیش، ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت 20 ملیۆن كەس لە هەردوو سێكتەری گشتی و تایبەت كارەكانیان لە دەست بدەن.

 لێكۆڵەرانی ئەفریقی لە توێژینەوەكەدا پێشبینی ئەوەیش دەكەن كە حكوومەتەكانی ئەفریقا لە نێوان 20% تا 30%، داهاتە داراییەكانیان كەم دەكات كە رەنگە بگاتە 500 ملیار دۆلار. 


وشە - فه‌رمان سادق