پێش بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پاڵەوانی سەر شاشەكان یاریزانان و هونەرمەندان و گۆرانیبێژان بوون، بەڵام كۆرۆنا هەمووانی بەیەكەوە پێچایەوە و ئێستە ئەوان لە ماڵەكانیان كەرەنتین كراون. لە جێی ئەوان، شارەزایانی پزیشكی بوونەتە پاڵەوانانی شاشەكان، پڕۆفیسۆر سوتیریوس تسیودارس یەكێكە لە زانا یۆنانییەكان كە ئامۆژگارییەكانی وایكرد وڵاتەكەی نەچێتە ریزی ئیتالیا و ئیسپانیا، كەمترین كەسیش گیان لە دەست بدەن.
تا دێت ڤایرۆسی كۆرۆنا سنووری وڵاتانی نوێ دەبڕێ، تا ئێستە لە 180 وڵات زیاتر بڵاو بووەتەوە، تێكڕای تووشبووانیش لە سەرانسەری دنیا زیاتر لە ملیۆنێك و 284 هەزار و 754 كەس، لەم ژمارەیە تا ئێستە 271 هەزار و 731 كەس چاك بوونەتەوە و 70 هەزار و 320 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "
نیویۆرك تایمز"ـی ئەمەریكی، ئێستە زانایانی پەتا ڤایرۆسییەكان بوونەتە پاڵەوانی شاشەكان و جێیان بە یاریزان و هونەرمەند و گۆرانیبێژان چۆڵ كردووە.
بەپێی راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز بێت، كۆمەڵێك زانا لە وڵاتانی ئەوروپی بوونەتە میوانی هەمیشەیی شاشەكان و بەرناكەون، خەڵكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوازی جیاواز سوپاسگوزاری خۆیان بۆیان پێشان دەدەن.
دكتۆر ماسیمۆ گالی بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییەكانی گەدە لە زانكۆی لویگی ساكۆ لە شاری میلانۆ، بووەتە ئەستێرەی سەر شاشەكان.
دكتۆر ماسیمۆ لویگی لە چاوپێكەوتنێكدا لەبارەی دەركەوتنی بە جلوبەرگی فەرمی و لەبەر نەكردنی جلوبەرگی تاقیگە، دەڵێ نامەوێ بەو دەركەوتنە خەڵك هێندەی تر نیگەران بكەم، دەمەوێ رەوشەكە راست بكەمەوە.
دكتۆر ماسیمۆ لویگی دوای ئەو دیدارە تەلەڤزیۆنە، هەرزوو بووە روویەكی دیاری تەلەڤزیۆنەكانی ئیتالیا كە زانیاری نوێ لەسەر دوژمنە نوێیەكەی مرۆڤایەتی پێشكەش بە ئیتالییەكان دەكات.
بەڵام یۆنانییەكان هەموویان چاودێری قسەكانی پڕۆفیسۆر سوتیریوس تسیودراس دەكەن، تا ئامار و زانیاری دروستیان لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشكەش بكات.
پڕۆفیسۆر سوتیریوس بەهۆی ئەوەی كەسێكی سەرڕاستە، توانی هەرزوو رێكاری بەسوود و پێشوەتە پێشكەش بە یۆنانییەكان بكات، هەوڵەكانی ئەو وای كرد وڵاتەكەی بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپی تا ئێستە كەمترین حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رابگەیەنێت كە تەنیا 68 حاڵەتە، بەڵام وڵاتێكی وەك بەلجیكا كە ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 10 ملیۆن كەس دەبێت، تا ئێستە هەزار و 183 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.
پڕۆفیسۆرێک یۆنان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگار دەکات و دکتۆرێکی ژنیش دەبێتە عەقڵی زانستی ئەڵمانیا
دەركەوتنی دكتۆر كریستیان دروستن وەك دەنگی عەقڵی زانستی لە ئەڵمانیا كاریگەری گەورەی هەبوو لە كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە كە بەپێی دوا هەواڵ، لە چوار رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووان لە ئەڵمانیا بەردەوام رووی لە كەمبوونەوە كردووە، هاوكات لەگەڵ بوونی سەرووی 95 هەزار تووشبوو، ژمارەیەكی ئێجگار كەم مردوون بە بەراورد بە ئیتالیا و ئیسپانیا و فڕەنسا.
ئێستە دكتۆر كریستیان بووەتە خوازراوترین كەسایەتی لە ئەڵمانیا كە كەناڵەكانی راگەیاندن ململانێی لەسەر دەكەن تا لە شاشەكانیان دەربكەوێت. ئەو دكتۆرە ژنە، رۆژانە لیستێك لە راستی مەترسییەكان كە رووبەڕووی ئەڵمانیا دەبێتەوە لەسەر بنەمای زانستی ڤایرۆسناسی بە خەڵك دەدات، خۆپارێزی لە مەترسییەكان هۆكار بووە لە كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و كەمبوونەوەی ژمارەی قوربانیان.
هەرچی لە ئیسپانیایە كە پێشكەنگی وڵاتانی ئەوروپی گرتووە لە زۆری ژمارەی تووشبووان، دكتۆر فرناندۆ سیمۆن بەڕێوەبەری فریاكەوتنی ناوەندی ئەو وڵاتە، بووەتە پاڵەوانی زانستی و توانیویەتی نوێكاری لە پلانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، ئێستە بووەتە راوێژكاری خەڵك و لەسەر ئینتەرنێت بە بەردەوام وەڵامی خەڵك دەداتەوە و جێی بە ئەستێرەی تۆپی پێی دنیا و یانەی بەرشەلۆنە، لیۆنێڵ میسی و هەواڵە وەرزشییەكانی لێژ كردووە.
پێوەند بە ئەمەریكاش كە ریزبەندی یەكەمی دنیای گرتووە لە ژمارەی تووشبووان، دكتۆر ئەنتۆنی فوسی جێی هونەرمەندانی هۆڵیوود و یاریزانانی باسكە و رەگی گرتووەتەوە و بووەتە یەكێك لە ناسراوترین كەسایەتی لە ئەمەریكا.
ئەنتۆنی فوسی پزیشكی شارەزا لە بەرگری جەستە دژ بە نەخۆشییەكان كە سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانییە بۆ نەخۆشییەكانی گەدە، ركابەری زۆری كەناڵەكانی راگەیاندنی لەسەر هەیە و بەردەوام میوانی شاشەكان و میوانی ماڵەكانە.