لایەنێکی سیاسی هانی پزیشکانی سلێمانی دەدات سەرپێچی بکەن

:: PM:04:41:06/04/2020 ‌
لایەنێكی سیاسی بەشێك لە پزیشكانی سێمانیی هان داوە كە قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنن و پابەندی ڕێنوێنییەكان نەبن.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، کێشە لە نێوان پزیشكێك و یەكێك لە مەفرەزەكانی ناوشار دروست بووە، دواتر لە بنكەی ئەزمەڕ ئەو پزیشكە سكاڵای تۆمار كردووە و گەڕاوەتەوە دەوامەكەی، بەڵام كۆمەڵێك پزیشك کە هیچیان پێوەندییان بە ڕووداوەكە نییە و ئێستە هاتوونەتە خەت.


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە” کەوتوون، چەند كارمەندێكی تەندروستی و چەند پزیشكێك بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەندیكای پزیکشان، بەیاننامەیان دەركردووە و داوای كۆتاهاتنی قەدەغەی هاتوچۆ دەكەن، لە كاتێكدا سەرجەم هاووڵاتییان پێیەوە پابەندن.

گومان دەكرێت  ئەو پزیشکانە لەلایەن حزبێكی سیاسی هان بدرێن، تەنیا سەعاتێك دواتر ئەو بەیاننامەیە ئامادە كراوە كە هەریەكەیان لە شوێنێك دەوام دەكەن، هەندێكیشیان یەكتریش ناناسن.

تەنیا سەعاتێك دواتر ئەو بەیاننامەیە ئامادە كراوە كە هەریەكەیان لە شوێنێك دەوام دەكەن 
محەمەد حاجی ئەسعەد پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نابێ ئێستە كارمەندانی تەندروستی لەو دۆخە سارد بكرێنەوە، بەڵكو دەبێ هان بدرێن بۆ زیاتر مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا.

ئەو پزیشكە گوتی، ئەو بەیاننامەیەی ئەمڕۆ بۆچوونی تەنیا چەند پزیشكێكی سلێمانییە و خۆیان ڕەنگە مەبەستی تریان هەبێت، بۆیە پێویستە ڕێز لە پیشەكەیان و هاوپیشەكانیان بگرن و ئێستە كاتی ئەو شتانە نییە.

لە ڕاگەیەنراوێكیدا، وەزارەتی تەندروستی داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی هێرشی سەر پزیشكێكی شاری سلێمانی بكرێت و ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر.

سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكەیدا دەڵێ، هەندێك جار و لێرە و لەوێ گوێبیستی بێڕێزی و رێگرتن لە پزیشكان لەكاتی چوونە سەركار و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان دەبین، تازەترینیان ئەو بێڕێزی و ئازاردانەیە كە بەرانبەر ھاوپیشەیەكمان ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كراوە.

سەندیكا ڕوونی كردووەتەوە، زۆربەی برایانمان لە هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە بەوپەڕی رێزەوە لەگەڵ هاووڵاتییان بەگشتی و پزیشكان بەتایبەتی مامەڵەیان كردووە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر كەم دەیانەوێ بە مەبەست ئازاری هاوپیشەكانمان بدەن كە نازانین هۆكار چییە. بۆیە داوامان كردووە كە كەرامەت و سەلامەتیی گیانی پزیشكانی كوردستان بپارێزن و سنوورێك بۆ ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە دابنێن، چونكە پزیشكان لە هێڵی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەن.



وشە - رامیار جەواد