نۆ گەڕەكی هەولێر كەرەنتین كران

:: PM:12:27:07/04/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕای گەیاند، نۆ گەڕەكی ناو شاری هەولێر كەرەنتین كراون و سامپڵ وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تا ئێستە سێ‌ نەخۆشخانە بۆ كۆرۆنا لە هەولێر دابین بكرێت و بەپێی پسپۆڕییەكان نەخۆشەكان بۆ نەخۆشحانەكانی تر گوازراونەتەوە، ئەوانەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە ڕزگاری چارەسەر كران.

ئەو گرتە ڤیدیۆییەش بڵاو كرایەوە، لەلایەن كەسێكەوە بوو كە هەوڵی هەڵاتنی داوە لە نەخۆشخانە و دەرگەشی شكاندووە
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی، نەخۆشخانەی ڕزگاری هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ كراوە و ئەو گرتە ڤیدیۆییەش بڵاو كرایەوە، لەلایەن كەسێكەوە بوو كە هەوڵی هەڵاتنی داوە لە نەخۆشخانە و دەرگەشی شكاندووە.

باسی لەوەش كرد، تا ئێستە سێ‌ هەزار و 95 كەرەنتین كراون و 600 كەسیش لە كەرەنتین ماون، هەروەها بڕیار درا ئەو گەڕەكانەی لە پرسەكان تووشی كۆرۆنا بوونە، دابخرێن و چەندان سامپڵ وەردەگیرێت و ڕێژەی بڵاوبوونەوەی بزانین.

ئەوەشی ڕوون كردەوە، بەشێوەیەكی گشتی بەداخەوە ڕای دەگەیەنین كە ڤایرۆسەكە بڵاو بووەتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان لە ماڵەوە بمێننەوە، هەروەها دوای دەرچوونی پشكنینەكان لەو گەڕەكانەی داخراون، بڕیار دەدرێت داخستن بەردەوام بێت یان نا.

" دوو شوێن لە سۆران و دوو لە دەوروبەری هەولێر و نۆ گەڕەك لە هەولێر داخراون تا تیمەكان تەندروستی كاری خۆیان بكەن". بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر وای گوت.



وشە - رامیار جەواد