زانیارییە نهێنییە شاراوەكانی چین لەسەر كۆرۆنا ئاشكرا دەبن

:: PM:03:33:07/04/2020 ‌
تا دێت سكاڵای وڵاتان لەسەر چین لەبارەی شاردنەوەی زانیارییەكان زیاتر دەبێ، ئەو وڵاتە بە شاردنەوەی زانیارییەكان تۆمەتبار دەكرێت. رۆژنامەیەكی فڕەنسی ئاشكرای دەكات، چین نەك هەر زانیاری شاردووەتەوە، بەڵكو كەلوپەل و پێویستی پزیشكی كوالێتی خراپی بۆ وڵاتان ناردووە كە توانای رێگرییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، رۆژنامەی "لۆمۆند"ـی فڕەنسی لە راپۆرتێكدا ئابڕووچوونێكی تری دەسەڵاتدارانی چینی بڵاو كردەوە كە هەڕەشەی لە تیمە پزیشكییەكانی شاری ووهانی كردووە لەبارەی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەتاكە.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامە فڕەنسییەكە بێت، ژمارەیەك لە تیمە پزیشكییەكان سكاڵای ئەوەیان لە دەسەڵاتدارانی چین كردووە لەبارەی پەككەوتوویی ئامێرە پزیشكییەكانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەوەی توانای ئاشكراكردنی ڤایرۆسەكەیان نەبووە، ئەمەش هۆكار بووە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە شاری ووهان.

رۆژنامە فڕەنسییەكە دەڵێ، لەسەر ئەو ئامارانە تیمە پزیشكییەكان لە نەخۆشخانەكانی ووهان، هۆشداریان داوەتە حكوومەت، گوتی "دەسەڵاتدارانی چین لە وەڵامی هۆشداری پزیشكەكان، هەڕەشەی ئەوەی لێ كردوون كە بۆیان نییە بەهیچ شێوەیەك ئەو زانیارییانە ئاشكرا بكەن و لە رێی رێنوێنیی زۆر توند، پێی گوتوون ئەو زانیارییانە نابێت بڵاو بكرێنەوە، ئەمەش هۆكار بووە لەوەی لە سەرەتادا هیچ زانیارییەك لەبارەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەكە ئاشكرا بكرێت كە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی ئێجگار زۆر خەڵك تووشی ڤایرۆسەكە ببن".

بە هۆی کار نەکردنیان.. ئیسپانیا کج هەزار ئامێری پشکنینی کۆڕۆنای بۆ چین گەڕاندەوە


جاو فۆ بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی چینی بۆ چاودێری و نەخۆشی دەڵێ، تووشی شۆك هاتم كاتێك لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو بینیم ڤایرۆسێكی نە ناسراو لە ووهان بڵاو بووەتەوە و ئامێرەكانی پشكنینیش ناتوانن ئاشكرای بكەن. زیاتر گوتی "دواتر ئاشكرا بوو كە ئەوە ڤایرۆسێكی نوێیە لە خێزانی ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا".

زیاتر گوتی "دواتر دەسەڵاتدارانی چین بە دۆخەكەیان زانی كە زۆرینەی ئامێرە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەكان ووهان تایبەت بە پشكنینی ئەو ڤایرۆسە كار ناكەن".

شارەزایەكی تاقیگەیی چینی كە قسەی بۆ رۆژنامەی لۆمۆند كردووە و دەڵێ، ئەو ئامێرانە لە ساڵی 2004 زۆر بە باشی كاریان دەكرد و یارمەتیدەر بوون لە ئاشكراكردنی ڤایرۆسی سارس كە گەشتیارێكی كۆری هەڵگری بووە، هاوكات هاوكاریش بوو لە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە سەرانسەری چین.

جاو فۆ هێما بۆ ئەوە دەكات كە كاتێك چاودێری یەكێك لە تیمەكانی كردووە، گفتوگۆی نێوان پزیشكەكان لە شاری ووهان شۆكی كردووە كە باسی بوونی نەخۆشییەكی كوشندە و مەترسیداریان كردووە كە سەرچاوەكەیشی نەزانراوە و زۆر بە خێرایی لە نێوان تاكەكان بڵاو دەبێتەوە. زیاتر گوتی "حكوومەتی چین زانیاری لەسەر ئەو بابەتە هەبوو".

رۆژنامە فڕەنسییەكە باس لەوەش دەكات كە دەسەڵاتدارانی چین بە ئەنقەست وایان كردووە ئامێرەكانی پشكنین و بێهۆشكردن كار نەكەن، ئەمەش هۆكار بووە لەوەی ڤایرۆسەكە لە چین زیاتر بڵاو بێتەوە و پەل بهاوێ بۆ دەرەوەی چین.

کۆرۆنا.. کوالێتی خراپی پیشەسازی چینی ئاشکرا کرد


ئەو دۆخەی لە چین رووی داوە، بەپێی راپۆرتەكە بێت كە چەند وڵاتێك كەلوپەل و پێویستی پزیشكییان لە چین كڕیوە، بەتایبەت ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئامێرەكان كار ناكەن.

لە مانگی ئاداری رابردوو چین ئامێری پشكنینی بە فڕەنسا و ئیتاڵیا و چیك فرۆشت، دوای كارپێكردنیان دەركەوتووە بەشێكی زۆریان كار ناكەن.

دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا نۆ هەزار ئامێری پشكنینیان بۆ چین گەڕاندووەتەوە كە ئەنجامی پشكنینەكانی جێی دڵنیایی نین، بەپێی راپۆرتێكی "سی ئێن ئێن" دەسەڵاتدارانی چین بەڵێنی لێكۆڵینەوەیان داوە.

هاوكات بەپێی هەواڵی ماڵپەرێكی چیكی بێت، ئەوا لە كۆی 50 هەزار پشكنین بەو ئامێرانەی لە چین هاوردە كراون، 80 هەزاریان جێی متمانە نین و ئەنجامی پشكنینەكانی دروست نین.

بەهۆی شكستی ئامێرە چینییەكان، دەسەڵاتدارانی چیك بڕیاریان دا كە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ئامێرە كۆن و كلاسیكەكان كە رۆژانە 900 پشكنینی پێ ئەنجام دەدەن.



وشە - فه‌رمان سادق