وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كاری بۆ ده‌ست پێ كردنه‌وه‌ی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دوا واده‌یش بۆ پشووی قوتابیانی زانكۆ دیاری ده‌كرێ.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" زانكۆكان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر تا رۆژی دووی ئایار نه‌توانرا خوێندنی ئاسایی نێوكامپه‌س ده‌ست پێ بكاته‌وه ئه‌وا خوێندنی ئه‌لیكترۆنی به شیوازی (پاڵپشتكاری) ده‌ست پێ ده‌كات به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی ئه‌و به‌شه‌ی پرۆگرامی خوێندنی ئه‌مساڵ كه نه‌خوێنراوه.
خوێندن ده‌بێته ئۆنلاین
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆ و په‌یمانگا تایبه‌ته‌كان رای گه‌یاندووه، قوتابیان و خوێندكارانی ئازیز و كه‌سوكاری دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، كه خوێندنی ئه‌مساڵ به‌فیڕۆ ناچێت و زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێستن بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی خوێندن.
وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كراوه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی سه‌رجه‌م زانكۆ و راگری په‌یمانگه تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به كۆی ده‌نگ دووپاتیان كردووه‌ته‌وه كه، پشتیووان ده‌بن بۆ ده‌ربازكردنی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی سیستمی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی به شیوازی (پاڵپشتكاری).
به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له 11ی ئاداره‌وه ده‌رگای زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان داخراوه.